سیاسه‌تمه‌داری دیاری كورد رای ده‌گه‌یه‌نێت، له پێناو سه‌نگ و قورسایی كورد و به‌ده‌ستهێنانی ژماره‌یه‌كی باش له كورسی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق، پێویسته حزبه كوردییه‌كان له ناوچه كوردستانییه‌كان هاوكاریی یه‌كتر بكه‌ن و ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان كه‌مه، ده‌نگ به لایه‌نه به‌هێزه‌كان بده‌ن.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م چواری ئایار، د. مه‌حموود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری دیاری كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، لایه‌ن و حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن به ئه‌نجامێكی باش و به‌ده‌ستهێنانی ژماره‌یه‌كی باش له كورسییه‌كان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ربچن، به مه‌رجێك هاوكاریی یه‌كتر بكه‌ن له پێناو سه‌نگ و قورسایی كورد.
پارتی لە نەینەوا زۆرینەیە و پێویستە لایەنەکانی تر هەموو دەنگەکانیان بدەن بەو حزبە بۆ ئەوەی دەنگەکان نەفەوتێن
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، ئه‌و یاسا نوێیه‌ی هه‌ڵبژاردن كه دابه‌ش كراوه به‌سه‌ر بازنه‌كان له پارێزگاكان، باشترین چاره‌سه‌ر بۆ كورد ئه‌وه‌یه له ناوچه كوردستانییه‌كان هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن، بۆ نموونه ئێسته پارتی له نه‌ینه‌وا زۆرینه‌یه، پێویسته لایه‌نه كوردییه‌كانی تر هاوكاری بكه‌ن و ده‌نگی پێ بده‌ن، ئه‌گه‌ر به‌و جۆره بكه‌ن به دڵنیاییه‌وه باش ده‌بێت و ئه‌نجامه‌كه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی كورد ده‌بێت.
"له‌و ناوچانه‌ی تر كه لایه‌نه‌كان ده‌نگ و جه‌ماوه‌ریان كه‌مه، با كاندیده‌كه‌یان بكشێته‌وه و ده‌نگ به‌و كاندیدانه بده‌ن كه ده‌نگیان زۆره بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ربچن، له كه‌ركووكیش یه‌كێتی زۆرینه‌یه و پێویسته به شێوه‌یه‌كی گشتی هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن، ده‌بێت له ماده‌ی 140 به ته‌واوی هاوكاری یه‌كتر بن" د. مه‌حموود عوسمان وای گوت.
ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره پێی وایه، هه‌ندێك ناوچه هه‌ن، حزب هه‌یه ده‌نگی كه‌م و لایه‌نگر و جه‌ماوه‌ری ئه‌وه‌نده نییه كاندیده‌كه‌ی ده‌ربچێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه نه‌سووتێن و بۆ كورد بگه‌ڕێنه‌وه، با بۆ لایه‌نی تر بێت كه زۆرینه‌یه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی