روودانی لافاو لە چەند پارێزگایەكی ئێران، بووە هۆی گیان لەدەستدانی 10 كەس و كۆمەڵێك هاووڵاتیش رزگار كراون كە بەهۆی لافاو لە ناو ئۆتۆمبێلەكانیاندا گیریان خواردبوو.
مەهدی وەلیپوور سەرۆكی فەرمانگەی فریاكەوتن و كۆمەڵەی مانگی سووری ئێران ئاشكرای كرد، لە هەشت پارێزگای ئەو وڵاتە لافاو سەری هەڵداوە و لانی كەم 10 كەس خنكاون و زیانیش بەر پڕۆژەكان كەوتووە.
شەپۆلێكی باران رووی لە پارێزگاكانی ناوەند و رۆژهەڵاتی ئێران كردووە و لە پارێزگاكانی تاران، خوراسانی رەزەوی، خوراسانی باشوور، كرمان و سمنان و ئیسفەهان و یەزد لافاو رووی داوە.
تیمەكانی فریاكەوتنیش سەدان كەسیان رزگار كردووە
بەگوێرەی
رادیۆ فەردا، دواین ئامارەكان لانی كەم 10 كەس بە هۆی لافاو خنكاون و تیمەكانی فریاكەوتنیش سەدان كەسیان رزگار كردووە كە بەهۆی ئاوێكی زۆر، گەمارۆ درابوون و نەیاندەتوانی لە ئۆتۆمبێلەكانیان بێنە دەرەوە.
پێویستە بگوترێ لە ئێران لافاو لە كاتێكدا روو دەدات كە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەسەر كەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەكان و روودانی وشكەساڵی هۆشدارییان دابوو، داوایان لە خەڵك كردبوو پارێزگاری لە ئاو بكەن.
هەر لە چەند رۆژی رابردوودا لە چەند ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی كوردستانیش بارانێكی زۆر باری، بەڵام بارانەكە هیچ زیانێكی نەبوو و بووە مایەی دڵخۆشیی خەڵك.