وەزیری دارایی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران روونکردنەوە دەدات

:: AM:11:50:05/05/2021 ‌
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بۆ پێداچوونەوە بە مووچەی مامۆستایان و بەرزكردنەوەی پلە، لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووری كۆ بووینەوە و پێی ڕاگەیاندین، لەگەڵ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا، دۆخی مووچە زۆر باشتر دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئایار، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ لادانی ئەو لێبڕینەی لە مووچەی مامۆستایان هەیە، لەگەڵ وەزیری دارایی كۆ بووینەوە، ئەویش چەند بەڵێنێكی دڵخۆشكەری پێ داین.

بەرزكردنەوەی پلە دەست پێ‌ بكاتەوە كە ماوەی حەوت ساڵە ڕاگیراوە.
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان گوتی، داوامان لە وەزیری دارایی و ئابووری كردووە لێبڕین لە مووچەی مامۆستایان نەمێنێت، بەرزكردنەوەی پلە دەست پێ‌ بكاتەوە كە ماوەی حەوت ساڵە ڕاگیراوە.

لەبارەی وەڵامی وەزیری دارایی بۆ داواكارییەكانیان باسی لەوە كرد، وەزیری دارایی بەڵێنی دڵخۆشكەری پێ داین، لەگەڵ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا، ئەوا لێبڕین لە مووچە كەم دەبێتەوە و ساڵێكی تریش بەرزكردنەوەی پلە دەست پێ‌ دەكاتەوە.

ماوەی حەوت ساڵە بەرزكردنەوەی پلە بۆ سەرجەم فەرمانبەران بەهۆی تەنگژەی دارایی وەستاوە، ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێ‌ و دۆخی مووچە ئاسایی ببێتەوە.



وشە - رامیار جەواد