یانەی بایرن میونشنی ئهڵمانی لە ڕووی بەڕێوەبردن، پلانی سەرکەوتوو، دیاریکردنی ئامانج و بەدەست ھێنانی، باشترین یانەی دنیایە.
ھیچ کەس و ھیچ شتێک لە پێش شکۆ و داھاتووی یانەکەوە نییە، ئەمە بۆ یانەکانی تریش راستە بە رێژەیی، بەڵام لەم رووە بایەرهوه بێ ھاوتایە، واتا بە تەواوی لە رووی کارگێڕییهوه سەرکەووتون.
فلیک کێیە؟
ھانزی دیتهر فلیک، لە ساڵی 1965 لە ناوچەی ھالدبیرگی ئەڵمانیا لە دایک بووە، یاریزانی ھێڵی ناوەند بووە، لە نێوان ساڵانی 1985-1990 لە یانەی بایرن میونشن یاریی کردوە، دواتر تا ساڵی 1993 لە یانەی کۆڵن یاریی كردووه، بەڵام لە بەر پێکان واز لە تۆپی پێی پرۆفشناڵانە دێنێت.
لە نێوان ساڵانی 1994-2000 لە یانەی ڤیکتۆریا بامینتال، وەک راھێنەر و یاریزان، بەردەوام دەبێت.
فیلک ھیچ یارییەکی بۆ ھەڵبژاردەی یەکەمی ئەڵمانیا ئەنجام نەداوە، بەڵام لە دوو یاری تیپی نیشتمانیی ئەڵمانیا بۆ خوار 18 ساڵان بەشداریی کردووە، وەک یاریزان لەگەڵ یانەی بایرن سەرجەم نازناوەکانی ناوخۆی ئەڵمانیای بەدەست ھێناوە.
ھانزی فلیک لە دنیایی راھێنەرایەتی
فلیک لە ساڵی 2000 دەبێتە راھێنەری یانەی ھۆفنھایم، تا ساڵی 2005، ھەروەھا لە دوای ئەوە، بۆ ماوەیەکی کورت دەبێتە یاریدەدەری ھەریەکە لە (تراپاتۆنی، لوتەر ماتیوس) ماوەیەکیش وەک رێکخەری وەرزشی لە یانەی ریدبۆڵ سالزبۆرگی نهمسایی کاری کردووە.
فلیک لە بارەی تراپاتونىی ئیتالییهوه دەڵێت "کارکردنم لە ژێر دەستی یەکێک لە بەناوبانگترین راھێنەرەکان زۆر بە سوود بوو، بە تایبەت لە رووی تاکتیک و پێشخستنی پێوەندی لەگەڵ یاریزانان، بەڵام لە شێوازی بەرگریکردن ھاوڕایی نەبووم".
فلیک لە 23-8-2006 دەبێتە یاریدەدەری راھێنەری ھەڵبژاردەی یەکەمی ئەڵمانیا "یواخیم لوف"، لە یۆرۆی 2008 گەیشتنە یاریی کۆتایی، بەڵام بەرامبەر ئیسپانیا تووشی شکست بوون، لە مۆندیالی 2010 توانیان پلەی سێیەم بەدەست بھێنن، لە مۆندیالی 2014 توانیان ئامانجە گەورەکە بپێکن و بە شایستەی بوونە پاڵەوانی مۆندیال، زۆرینەی شارەزا و شەقامی وەرزشی ئەڵمانیا ئەم مۆندیالە بە نازناو و زیرەکی فلیک ناو دەبەن، لە دوایی مۆندیال تا ساڵی 2017 دەبێتە بەڕێوەبەری وەرزشی له فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا.
فلیك له بایرن میونشن
سەردەمی ناوبانگ و درەوشانەوەی ئەم پیاوە لە بایرن میونشن دەستی پێ کرد، ساڵی 2019 دەبێتە یاریدەدەری نیکۆ کۆڤاچی راهێنهری كڕواتی لە یانەی باڤاری، دواتر لە نیوەی وەرز کۆڤاچ لە یانەکە دەڕوات، فلیک بە شێوەیەکی کاتی دەبێتە راھێنەری بایرن میونشن، دوای ماوەیەک لە ئەنجامە باشەکانی، یانەکە بڕیاری دا تا کۆتایی وەرز بەردەوام بێت. بەڵام ئەو ئاستی تیپەکە و نازناوەکان، ئیدارەی بایرن میونشنی ناچار كرد، گرێبهستی لەگەڵدا واژوو بکەن تا ھاوینی 2023، چونكە فلیک سەرجەم نازناوەکانی ئەو وەرزەی بۆ یانە ئەڵمانییەکە بردەوه، خۆی بووە باشترین راھێنەری جیھان و باشترینی وەرزی بۆندسلیگا و باشترین راھێنەری ئەڵمانیاش.
لە بارەی کاری راھێنان ھانس فلیک دەڵێت، ئێستا شتەکان گۆڕاوە، بە بەراورد بەو کاتەی یاریزان بووم. جاران گرنگ ئەوە بوو بە ئەنجامی ١-٠ بیبەیتەوە، دەتوانم بڵێم ئێستا یانەیەکی وەک بایەرمیونیخ، دەیەوێ ھاندەرکانی دڵخۆش بکات و بە ئەنجامی زیاتر لە گۆڵێک بیباتەوە. دەبێت ھەمیشە بیر لەو یاریزانانە بکەینەوە، لەگەڵ عەقڵێتی ئێمە دەگونجێن، چونکە ئەم یانە تایبەتە.
فلیک و تێڕوانینی بۆ كاری راهێنهری
پێزانین و رێزگرتن بناغەکەن و لەسەر ئەم بنەمایەش گفتوگۆ دەکەن، ئهو دەڵێت "تۆ پێویست ناکات ھەمیشە لەگەڵ مندا هاوڕا بیت، بەڵکو گۆڕینەوەی بیروڕا و سەرنجدان لە وێنە گەورەکە، تاکە رێگهیە بۆ سەرکەوتن".
فلیک دەڵێت "بۆ ماوەیەک لە کورسییەکانی دواوە دانیشتم و چێژم وەرگرت، بەڵام رێگەم پێدەدرا بۆچوونی خۆم بڵێم، ئاڵوگۆڕ و پێدانی زانیاری كارهكه دروست دەکات".
ھانس فلیک، ئەو کاتەی بەڕێوەبەری وەرزشی بووە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، سەردانی ئەکادیمیای یانەکانی، بارسێلۆنا و ریال مەدریدی کردووە، ھەروەھا سێ ڕۆژ لە مەشقەکانی یانەكانی مانچێستهر سیتی و پاریس سان جێرمان ماوەتەوە، سێ وەرزیش لەسەریەک لە ئامادەکارییەکانی یانەی ئارسناڵ ئامادەبووە.
ئهو دەڵێت "لە ھەموو ئەمانە شت فێربووم، بەخۆم گوت دەبێ سوود لەم راھێنەرانە وەربگرم، فەلسەفەکەم کۆپی نییە، چونکە بەردەوام شتێ نوێ وەردەگرم".
بۆچی ھانزی فلیک بایرن میونشن جێ دههێڵێت؟
پلانی بەردەوام
رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی، وتارێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی ( ستراتیژی بایرن میونشن تا ساڵی 2030 ) رۆژنامەکە باس لەوە دەکات، لە دوا کۆبوونەوەی یانەکە سێ بڕیار دەدەن بە ناونیشانی (بڕیاری زێڕین بۆ داھاتووی بایرن میونشن):
یەکەم - مانەوەی بایرن لە ناو پێنج باشترین یانەی ئەوروپا.
دووەم - فراوانکردنی ئابووری یانەکە و کارکردنی دڵسۆزانە لە ھەنگاوەکانی ئابووری.
سێیەم - پێوەندیدارە بە فرۆشتنی بلیتی یارییەکان بە ھاندەران.
حهسهن ساڵح حهمیدیزیچ
پرۆژە ستراتیژییەکەی بایرن بۆ ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە، بە دیاریکراوی ئەو کاتەی ساڵح حهمیدزیچ، دەبێتە بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە، ئەو قۆناغە ئاسان نەبوو، بۆ بەڕێوەبەرێکی نوێ، فیلیپ لام و ئەلۆنسۆ وازیان لە یاریکردن ھێنا، ھامێڵس، ریبێری، رۆبن، رافینیا، ڤیداڵ، لە یانەکە ڕۆشتن، ھەندێ لە یاریزانەکان تەمەنیان ھەڵکشا بوو.
پێگەکەی حمیدزیچ ھەستیار بوو، دەبوو بناغەی پرۆژهیەکی بەھێز دابنێ، بەڕێوەبەری وەرزشی بەرپرسی پێوەندیی نێوان کارگێڕی یانە و راھێنەرە، پێوەندیداره بە ھاتن و ڕۆشتنی یاریزانان.
پارە لە شوێنی دروست
یەکێک لە بنەماکانی یانەی بایرن میونشن ئەوەیە، لە مامەڵەکاندا پارە لە کوێ دادەنرێت، بە مانایەکی دروست، لە کوێی پارەکان وەبەرھێنان دەکەن؟ چۆن ناوی باش و بە سوود زیاد دهکەن بە کەمترین تێچوون.
ئۆلی ھۆنیس سهرۆكی پێشووی یانهكه گوتەیەکی ھەیە دەڵێت ( بایرن ئەوە ناکڕێت، چونکە دەیەوێ بکڕێت) حهمیدزیچ ھات ئەمەی جێبەجێ کرد، بە گرێبەستی ھەندێ یاریزان بۆ ناوکی پرۆژەکە، کە تێچووی ھەمووی تەنھا 223 ملیۆن یۆرۆ بوو.
ھێزی ئابووری، سەقامگیری دروست دەکات
بایرن سەرکەوتووترین کارگێڕیی ھەیە لەسەر ئاستی ئەوروپا، بە پێی دوایین ریزبەندی، یانەی بایرن میونشن پلەی 19ی ھەیە لە ناو ئەو یانانەی زۆرترین پارەیان خەرج کردوە، بەڵام پلەی چوارەمی ھەیە لە رووی نرخ لە ناو سەرجەم یانەکانی جیھاندا، پڕ قازانجترین یانەیە، ئەمە وای کرد یانەکە بە تەواوی ئەو قەرزەی لەسەری بوو، بیداتەوە، کە پێش 15 ساڵ بۆ نۆژنکردنەوەی یاریگهی ئالیانز ئارینا وەری گرتبوو.
بۆ ھەموو ئەمانە، ناکرێ باس لە رۆڵ و کاریگەریی ھانزی فلیک نەکرێ، ئەم راھێنەره نەخشە و پلانی یانەکەی وەرگێڕا بۆ راستی، سوور بوو لەسەر ھەوڵدان و ململانێ لە پێناو پێشکەشکردنی باشترین ئاستی سەرجەم یاریزانان.
فلیك شارەزابوو لە تایبەتمەندیی یاریزانەکان، ھەروەھا توانای ھونەری و کارامەییان، فلیک ئاستی راستەقینەی بۆ مولەر گەڕاندەوە، تواناکانی دیڤیزی دۆزییهوه ، گۆرێچکای ھێنایە یانەکە، کە بووەتە چەکێکی کاریگەر بۆ بایرن میونشن.
جەنگی ساردی فلیک و حهمیدزیچ
وەک گوتمان حهمیدزیچ بەرپرسی پرۆژە ستراتیژی و گرنگەکەی یانەی بایرن میونشنه، ئەمە وای کرد لەسەر ھاتن و چوونی یاریزانان و گرێبەستەکان، لەگەڵ راھێنەری یانەکە، تووشی کێشە و گرفت ببێت، بەڵام دواجار فلیک ئاڵای سپی ھەڵکرد، بڕیاری دا کۆتایی وەرز لە یانەکە بڕوات، واتا داھاتووی یانەکە گرنگترە، پلانی کارکردنیان نەگۆڕی بۆ خاتری فلیک، چونکە ئەو ستراتیژه.
فلیک دەسەڵاتی لە ھاتن و چوونی یاریزاناندا کەم بوو، بۆ نموونە فلیک داوای تیمۆ ڤێرنەری کرد، پێی وابوو دەکرێت لە یانەکەیان یاریی بکات، بەڵام حهمیدزیچ لیرۆی سانێی ھێنا، پێی وابوو بۆ یانەکەیان گونجاوە.
لە مانگی یەکی ساڵی 2020 فلیک داوای کرد دوو تا سێ یاریزانی بۆ بھێنن، بەڵام حهمیدزیچ تەنیا ئەدریۆزۆلای ھێنا، كه به خواستن له ریال مهدرید هات، تیاگۆ دانتس ئەو لاوە بەھرەمەندە بوو، فلیک پێی سەرسام بوو، گرێبەستەکەی نەکرا بە ھەمیشەیی، بەڵام مارک رۆکا، چونکە بە دڵی حهمیدزیچ بوو، گرێبەستی ھەمیشەی بۆ كرا.
لە دوای بردنەوەی چامییۆنزلیگی وهرزری رابردوو، فلیک داوای کرد گرێبەست لەگەڵ ھۆدسۆن ئۆدۆ واژوو بكهن، بەڵام حهمیدزیچ دۆگڵاس کۆستای لە یوڤێنتوسهوه گەڕاندەوە بۆ یانەکە، فلیک دەیویست داڤید ئالابا لەگەڵیان بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی لە دڵی بەرگری یاریی بکات، بەڵام حهمیدزیچ بڕیاری دا کۆتایی بە گرێبەستی ئالابا بھێن.
بۆچوونی كۆتایی
بە بڕوای من، فلیک لە کاتێکی باشدا لە بایرن دەڕوات، ناوی ئەو لە مێژووی یانەکەی باڤاریا ھەتا ھەتایە بە گەورەیی دەمێنێتەوە، یەکێکە لە سوارچاکەکانی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن.
فلیک تیپێکی بۆ بایرن دروست كردووه، ھیچ یانەیەک ناخوازێ رووبەڕوویان یاریی بکات، پێم وایە نایگلسمان کە دەبێتە راھێنەری بایرن، کەسێکی بەبەختە، چونکە دێته سەر تیپێکی ئاماده و تۆکمە، پیاوێکی ژیری وەک ھانزی فلیک دروستی کردووە.
زهردهشت عوسمان