بڕیاره هه‌زاران ماڵباتی داعشی عێراقی، كه ئێسته له كه‌مپی هۆلن له سووریا، ئه‌وان بگه‌ڕێندرێنه‌وه عێراق و له كه‌مپی جه‌دعه له باشووری مووسڵ جێ‌نشین بكرێن، ئه‌وه‌یش كێشه‌یه‌كی گه‌وره بۆ ناوچه‌كه دروست ده‌كات، په‌رله‌مانتارێكی عێراق ئاماژه ده‌كات كه حكوومه‌تی عێراق هیچ پلانێكی بۆ ئه‌وانه نییه.
كاریگه‌ریی خراپی بۆ شاری مووسڵ و ده‌وروبه‌ری ده‌بێت
شێروان دووبه‌ردانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی هه‌رێم و پارێزگاكان له په‌رله‌مانی عێراق به "وشه"ی گوت، بڕیاره دوای جه‌ژن یه‌كه‌م وه‌جبه‌ی ماڵباتهكانی داعشی عێراقی له كه‌مپی هۆل له سووریاوه بگه‌ڕێندرێنه‌وه، كێشه‌مان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق ئه‌وه‌یه هیچ پلانێكیان نییه، واته له‌و كه‌مپانه ته‌نیا خێوه‌ت دانراوه و ئاو و كاره‌با دابین كراوه و ته‌واو، هیچ به‌رنامه‌یه‌كیان بۆ كه‌سه‌كان نییه.
زیاتر گوتی، منداڵه‌كانی داعش گه‌وره بوونه، كه حه‌وت ساڵه له كه‌مپه‌كانن و ئه‌و ماڵباتانه تا ئێسته هزری توندڕۆیی و داعشیان به‌سه‌ردا زاڵه، بۆیه كه دێنه ناو كۆڵانه‌كانی گه‌یاره و پێوه‌ندی به باوك و براكانی خۆیان ده‌كه‌ن، بێگومان كاریگه‌ریی خراپی بۆ شاری مووسڵ و ده‌وروبه‌ری ده‌بێت، بهمدوایهیش بینیمان كه داعش له هێرشكردنه سه‌ر پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق به‌رده‌وامه، بۆیه كاته‌كه هی ئه‌وه نییه ماڵباتهكانی داعش بگه‌ڕێنه‌وه ناو شاری مووسڵ.
به‌پێی زانیارییه‌كان دانانی 500 خێوەت له كه‌مپی جه‌دعه تەواو كراوه و وەجبەی یەكەم، كە 100 خێزانه، بڕیار بوو 2ی ئەم مانگە بگەڕێنه‌وه بەڵام گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ دوای جەژن دوا خرا، دەبێت ئەوانە هەر بگەڕێنەوە، چونكە گوشارێكی زۆر لەسەر حكوومەتی عێراق هەیە بۆ گەڕانەوەیان.