رۆژی پێنجشەم یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە

:: AM:11:58:11/05/2021 ‌
بەپێی لێكدانەوەیەكی فەلەكناسی كە "وشە" بۆ سەلماندنی پشتی بە زانیارییەكانی دەزگایەكی كەشناسی جیهانیی بەستووە، رۆژی پێنجشەم 13ی ئایار، دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان و ئەمساڵ رەمەزانەكە 30 رۆژ پڕ دەكات.

سەرەتای هەر مانگێكی رۆژمێری مانگیی كە پشت بە سووڕانەوەی مانگ بە دەوری زەوی دەبەستێت، رێك ئەو كاتە دەست پێ دەكات كە مانگ لەدوای ئاوابوونی خۆر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت، لە ئاسمان خۆی دەنوێنێت و ئێستە كە لە كۆتاكانی مانگی رەمەزانداین، خەڵك بۆ دڵنیابوون لە یەكەم رۆژی جەژن، چاوەڕوانی دەركەوتنی مانگ دەكەن.
یەكەم دەركەوتنی مانگ لە ئێوارەی دواین رۆژی مانگەكە دوای ئاوابوونی خۆر روو دەدات

یەكەم دەركەوتنی مانگ لە ئێوارەی دواین رۆژی مانگەكە دوای ئاوابوونی خۆر روو دەدات و سبەینەكەی دەبێتە یەكەم رۆژی مانگێكی نوێ.

خۆی لە رۆژەكانی تریش مانگ بە ئاسمانەوەیە، بەڵام لەبەرئەوەی هاوكات خۆریش لە ئاسمانە لەبەر رووناكییەكەی، مانگی شێوەی داس بە ئاسانی نابینرێت و كاتێك مرۆڤ دەتوانێ هەست بە بینینی بكات كە خۆر ئاوا بووبێت.

بەو پێیە لە كاتی ئاوابووندا دەبێت خۆر پێشی مانگ ئاوا بێت، كەمێك تاریكبوونی ئاسمان ئەو دەرفەتە بڕەخسێنێت مانگ پێش ئاوابوون بە چاو ببینرێت.

بە خولەك و چركە دیارە لە هەر شوێنێكی گۆی زەوی لە چ خولەكێك مانگ و خۆر ئاوا دەبن


ئەم رۆژانە كە زانست پێش كەوتووە و بە خولەك و چركە دیارە لە هەر شوێنێكی گۆی زەوی لە چ خولەكێك مانگ و خۆر ئاوا دەبن، دەستنیشانكردنی یەكەم رۆژی مانگی نوێ ئاسانتر بووە، هەرچەندە لە شەرعدا هەر پشت بە شێوازە كۆنەكان دەبەسترێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی worldweather ئەمڕۆ سێشەم 11ی ئایار كە هاوكاتە لەگەڵ 29ی مانگی رەمەزان لە شارێكی وەك هەولێر خۆر لە سەعات 7:00ی ئێوارە ئاوا دەبێت، بەڵام مانگ لە سەعات 6:43 خولەك ئاوا دەبێت.

لە دهۆك خۆر 7:03 خولەك ئاوا دەبێ و لە كاتێكدا مانگ 6:46 خولەك ئاوا دەبێ. لە مەهاباد خۆر سەعات 8:24 خولەك ئاوا دەبێ، لە كاتێكدا مانگ لە 8:08 خولەك بە كاتی تاران ئاوا دەبێ. لە ئامەد خۆر سەعات 7:19 خولەك ئاوا دەبێ، بەڵام مانگ 7:03خولەك ئاوا دەبێ. لە سلێمانی خۆر سەحات 6:53 خولەک ئاوا دەبێ بەڵام مانگ لە 6:36 خولەک ئاوا دەبێ. لە تەواوی شارەكانی كوردستان ئاوابوونی مانگ لانی كەم چارەگێك پێش ئاوابوونی خۆر روو دەدات.

لە شاری هەولێر مانگ 17 خولەك پێش ئاوابوونی خۆر ئاوا دەبێت


بەو پێیە لە شاری هەولێر مانگ 17 خولەك پێش ئاوابوونی خۆر ئاوا دەبێت و هیچ كەسێك ناتوانێ مانگ ببینێت، بەڵام ئێوارەی سبەی چوارشەم ئاوابوونی مانگ دەكەوێتە دوای خۆر و پێشبینی دەكرێت بە ئاسانی ببینرێت ئەگەر هەور و تۆز بەری ئاسمانی نەگرتبێت. چونکە مانگ ئيوارەی چوارشەم سەعات 7:41 خولەک لە هەولێر ئاوا دەبێ و زیاتر لە نیو سەعات دوای ئاوابوونی خۆر دەرفەتی بینینی هەیە و زۆر بە ئاسانی هەموو کەسێک دەتوانێت بیبینێت.

ئەوە لێكدانەوەیە دەری دەخات رۆژی پێنجشەم دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان و دەستپێكی مانگی شوال.

پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت كە ژمارەی رۆژەكان ئەگەر لە رۆژمێری هەتاوی 30 رۆژ و هەندێك جار 31 رۆژ بن، ئەوا لە رۆژمێری مانگی زۆربەی مانگەكان 29 رۆژن، بۆیەش هەندێك ساڵ خەڵك 29 رۆژ بە رۆژوو دەبن و هیچ پێوەندییەكی بەوە نییە رۆژێكیان خورابێت، بەڵكوو مانگەكە خۆی 29 رۆژە.

دوای 36 ساڵی تر جەژنی رەمەزان لە كۆتایی نیوەی یەكەمی مانگی ئایار دەست پێ دەكات


ساڵی هەتاوی 365 رۆژە و لە ساڵی كەبیسەدا دەبێتە 366 رۆژ، بەڵام ساڵی مانگیی 10 رۆژ كەمترە، بۆیە ئەگەر سەرنجتان دابێت هەموو ساڵێك 10 رۆژ زووتر مانگی رەمەزان دەست پێ دەكات، لە 36 ساڵدا جارێك بە دەوری وەرزەكانی ساڵدا دەسووڕێتەوە. بە واتایەكی تر دوای 36 ساڵی تر جەژنی رەمەزان لە كۆتایی نیوەی یەكەمی مانگی ئایار دەست پێ دەكات و ساڵی داهاتوو دەكەوێتە دووەم یان سێیەم رۆژی مانگی ئایارەوە.


وشە - سلێمان تاشان