له خولی نایابی عێراق و له لووتكه‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕی 30دا، یانه‌ی هه‌ولێر له به‌غدا به یانه‌ی شوڕته دۆڕا، لوئه‌ی سه‌ڵاحی راهێنه‌ریشی بۆ جاری دووه‌م له‌م وه‌رزه به كارتی سوور كرایه ده‌ره‌وه.
یارییه‌كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 12ی ئایار، له یاریگه‌ی شه‌عب ئه‌نجام درا و تێیدا یانه‌ی هه‌ولێر به ئه‌نجامی 1-2 گۆڵ دۆڕا.
هه‌رچه‌نده هه‌ولێر له گێمی دووه‌م به گۆڵی یاریزانی شێركۆ كه‌ریم پێشكه‌وت، كه له خوله‌كی 67 تۆماری كرد، به‌ڵام یانه‌ی شوڕته دوو گۆڵی تۆمار كرد و یارییه‌كه‌ی برده‌وه.
گۆڵی به‌رامبه‌ری شوڕته یاریزان فه‌هد یوسف له خوله‌كی 73 تۆماری كرد، دواتر له خوله‌كی 89دا ئه‌مجه‌د عه‌توان به تۆپێكی به‌هێز له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سزا، گۆڵی دووه‌می بۆ شوڕته تۆمار كرد.
هه‌ر له یارییه‌كه‌دا و له خوله‌كه‌كانی كۆتاییدا لوئه‌ی سه‌ڵاح راهێنه‌ری هه‌ولێر به كارتی سوور كرایه ده‌ره‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی له ناوبژیوان گرت و دوور له گیانی وه‌رزشی هه‌ڵسوكه‌وتی كرد.
ئه‌مه دووه‌مجاره له‌م وه‌رزه‌دا لوئه‌ی سه‌ڵاح به كارتی سوور ده‌كرێته ده‌ره‌وه.
هاوكات له یارییه‌كه‌دا و دوای تۆماركردنی گۆڵی هه‌ولێر، ناوبژیوان چه‌ند خوله‌كێك یارییه‌كه‌ی وه‌ستاند، بۆ ئه‌وه‌ی یاریزانان و به‌شداربووانی یارییه‌كه رۆژوویان بشكێنن، كاتێك بانگی ئێواره‌ی دا.
به‌م ئه‌نجامه شوڕته بووه 58 خاڵ بۆ پله‌ی دووه‌م سه‌ركه‌وت، یانه‌ی هه‌ولێریش به 32 خاڵ له پله‌ی 13یه.