گۆڤاری فۆربسی ئه‌مه‌ریكی چه‌ند ڕۆژێكه بابه‌تی جیا جیا له‌سه‌ر فڕۆكه جه‌نگییه ئێف 16ه‌كانی عێراق بڵاو ده‌كاته‌وه، كه به‌هۆی كشانه‌وه‌ی به‌ڵێنده‌رانی كۆمپانیای لۆكهید مارتنی ئه‌مه‌ریكی په‌كیان كه‌وتووه و ناتوانرێ چاك بكرێنه‌وه، له دوا ڕاپۆرتیش باس له‌وه ده‌كات، تاكه ڕێگه و چاره‌سه‌ر بۆ ڕزگاركردنی فڕۆكه ئێف 16ه‌كانی عێراق له په‌ككه‌وتوویی بردن و گواستنه‌وه‌یانه بۆ هه‌رێمی كوردستان.
له دوا بابه‌تی گۆڤاره‌كه هاتووه، كۆمپانیای لۆكیهید مارتنی ئه‌مه‌ریكی بڕیاری دا و سه‌رجه‌م تیمه ته‌كنیكییه‌كانی له بنكه‌ی ئاسمانی به‌له‌دی نزیك به‌غدا كشانده‌وه، به‌هۆی شكستی حكوومه‌تی عێراق له وه‌ستاندنی هێرشی میلیشیاكان بۆ سه‌ر بنكه‌كه، ئه‌م بڕیاره‌یش له كاتێكدایه 34 فڕۆكه‌ی جه‌نگی جۆری ئێف 16ی ئه‌مه‌ریكی هێزی ئاسمانی عێراق په‌كیان كه‌وتووه و پێویستیان به‌وه‌یه له‌لایه‌ن تیمه ته‌كنیكییه‌كانی كۆمپانیاكه چاك بكرێنه‌وه، تا دووباره هێزی ئاسمانی عێراق بتوانێ سوودیان لێ وه‌ربگرێته‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی گۆڤاره‌كه 70 به‌ڵێنده‌ر و ته‌كنیككاری سه‌ر به كۆمپانیای لۆكهید مارتن پێشتر له عێراق بوونیان هه‌بوو و 50 له‌وانه به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا گه‌ڕاونه‌ته‌وه و 20ی تریشیان بۆ بنكه‌ی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر گوێزراونه‌ته‌وه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كه كاروباری چاككردنه‌وه و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی عێراقیش بۆ هه‌رێمی كوردستان بگوێزێته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی تیمه ته‌كنیكییه‌كه‌ی یه‌كده‌خاته‌وه، یانیش به‌شێوه‌ی ئۆنلاین ڕاوێژ به ته‌كنیككارانی عێراق ده‌ده‌ن تا بتوانن فڕۆكه‌كان چاك بكه‌نه‌وه.
لۆكهید مارتن 50 ئه‌ندامی تیمه‌كه‌ی له عێراق گه‌ڕاندووه‌ته‌وه ئه‌مه‌ریكا و 20یشی ڕه‌وانه‌ی هه‌ولێر كردووه
گۆڤاره‌كه له‌وباره‌وه نووسیویه‌تی، ئایا ئه‌مه تاكه چاره‌سه‌ر تا شاره‌زاكانی لۆكهید مارتن به ڤیدیۆ ئۆنلاین ڕێنمایی ته‌كنیككارانی عێراق بكه‌ن، ئایا عێراق ناتوانێ كۆمپانیاكه بهێنێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕی كه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ عێراق و له فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بمێننه‌وه و فڕۆكه جه‌نگییه‌كان بۆ هه‌ولێر بگوێزنه‌وه و له‌وێ چاك بكرێنه‌وه، له كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان زۆرترین ئارامی و ئاسایشی تێدایه به به‌راورد به ناوچه‌كانی تری عێراق.
مایكل نایتس پسپۆری كاروباری عێراق و جای پیرنشتاین له په‌یمانگه‌ی واشنتن به ته‌واوی پشتیوانی ئه‌و بیرۆكه‌یه ده‌كه‌ن و ڕایانگه‌یاندووه، كه پێویسته تیمه ته‌كنیكییه‌كان له نێو سندووق ببرێنه ده‌ره‌وه، كه مه‌به‌ستیان له‌وه‌یه ناوچه‌كانی تری عێراق وه‌ك سندووقێك وایه كه هه‌موو ده‌ستوپێوه‌ندێكت لێی ده‌به‌سترێته‌وه و به به‌رده‌وامیش له ژێر هه‌ڕه‌شه‌دای، به بۆچوونی ئه‌و دوو توێژه‌ره‌یش پێویسته هه‌ریه‌ك له حكوومه‌تی عێراق و كۆمپانیای لۆكهید مارتن بێنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه سه‌رجه‌م فڕۆكه جه‌نگییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان بگوێزرێنه‌وه و له‌وێوه تیمه ته‌كنیكییه‌كان چاكیان بكه‌نه‌وه و دوای نه‌مانی كێشه‌كانیشیان هێزی ئاسمانی عێراق ده‌توانێ بۆ هه‌ر شوێنێكیان بفڕێنێت كه خۆیان ده‌یانه‌وێت.
ئه‌و دوو توێژه باس له‌وه‌یش ده‌كه‌ن، كه بردنی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی عێراق بۆ هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه چاره‌سه‌رێكی گونجاو و به‌جێیه بۆ به‌غدا و لۆكهید مارتن، هاوكات یارمه‌تیده‌ریش ده‌بێ بۆ به‌هێزكردن و پته‌وكردنی زیاتری متمانه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، چونكه ئه‌مه ده‌بێته سیمبۆلی هاریكاری و به‌یه‌كه‌وه كاركردن و یارمه‌تیدانی یه‌كتر.
پێشتر كورده‌كان و هه‌رێمی كوردستان ترسی ئه‌وه‌یان پێشانداوه، كه بوونی عێراق به خاوه‌نی فڕۆكه‌ی جه‌نگی پێشكه‌وتوو، مه‌ترسی هه‌یه كه له دژی ئه‌وان به‌كاربهێنرێ و بۆ ململانێ سیاسییه‌كان هانای بۆ ببردرێت، به‌وهۆیه‌وه چه‌ندانجار فشاریان له‌سه‌ر واشنتن دروست كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌كان به مه‌رج به عێراق بفرۆشێت، له ئه‌گه‌ری گواستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م فڕۆكه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ترسه‌ی هه‌رێمی كوردستان نامێنێت و متمانه‌ی نێوان هه‌ردوولایش زۆر زیاتر و باشتر ده‌بێت.
تاكه ڕێ بۆ چاككردنه‌وه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی عێراق له‌جۆری ئێف 16 هێنانیانه بۆ هه‌ولێر
ئه‌لیكس ئه‌لمیدا شرۆڤه‌كاری ته‌ناهی بۆ كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنان له‌وباره‌وه گوتی، هه‌نگاوی یه‌كه‌م بریتییه له گواستنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه زۆر پێویسته، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ ئاماده بكرێن، تا تیمه ته‌كنیكیه‌كان دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌سبه‌جێ ده‌ست به‌كاركردن بكه‌ن و چاوه‌ڕوانی هێنانیان بۆ هه‌ولێر نه‌كه‌ن، چونكه به هه‌موو پێوه‌ره‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمه‌كانی لۆكهید مارتن له دوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق ده‌بێت.
ئه‌لمیدا ده‌ڵێ، ئه‌مه بیرۆكه‌یه‌كی زۆر گونجاوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی بنكه‌ی ئاسمانی به‌له‌د گه‌وره‌یه و شوێنی فڕۆكه‌كانی هه‌یه، ده‌توانرێ هه‌ولێر بكرێت به ناوه‌ندی چاككردنه‌وه و فڕۆكه‌كان بۆ چاككردنه‌وه بهێنرێنه‌وه هه‌ولێر و دواتریش بۆ مانه‌وه ببرێنه‌وه بنكه‌ی ئاسمانی به‌له‌د و ته‌نیا هێزه‌كانی عێراقیش له‌و بنكه‌یه بن، ئه‌مه‌یش هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر تیمه ته‌كنیكییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دروست ناكات.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی چاككردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كان له ڕێی ڕاوێژپێدانی ته‌كنیككارانی ئه‌مه‌ریكا به تیمه‌كانی عێراق له ڕێی به‌رنامه‌ی زووم و به‌شێوه‌ی ئۆنلاینه‌وه، ئه‌لمیدا گومانی خۆی ده‌ربڕی له‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، چونكه تیمه‌كانی عێراق به‌و ئاسته شاره‌زاییان له‌و فڕۆكه پێشكه‌وتووانه نییه، بۆیه مه‌ترسی هه‌یه له كاتی چاككردنه‌وه له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه، فڕۆكه‌كان له ئاسمانه‌وه تووشی كێشه‌ی ته‌كنیكی ببنه‌وه.
مایكل نایتس هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه ئه‌گه‌ر به‌غدا ئه‌و هه‌نگاوه قبووڵ نه‌كات، ئه‌وا چاره‌سه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌بێ و ده‌بێ فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ڕه‌وانه‌ی بنكه ئاسمانییه‌كانی ئوردن یان میسڕ بكات، تا له‌وێ چاك بكرێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌یش بۆ عێراق مایه‌ی شه‌رمه‌زاری ده‌بێ، كه نه‌توانێ له‌ناوخۆی وڵاته‌كه شوێنێك بۆ چاككردنه‌وه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان دیاریی بكات، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كان گه‌وره‌ترین ڕۆلیان له شه‌ڕی دژ به تیرۆر هه‌بوو.