له لالیگای ئیسپانیا، یانه‌ی ریال مه‌درید له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر یانه‌ی گرانادا تۆمار كرد و گه‌ڕایه‌وه پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندی.
یارییه‌كه له گه‌ڕی 36ی لالیگای ئیسپانیا، ئه‌مشه‌و له‌سه‌ر یاریگه‌ی گرانادا "نۆیڤۆ لۆس كارمینۆس" ئه‌نجام درا و تێیدا ریال مه‌درید یارییه‌كه‌ی به ئه‌نجامی 4-1 گۆڵ برده‌وه.
ریال مه‌درید سه‌ره‌ڕای به‌شداریینه‌كردنی 6 یاریزانی سه‌ره‌كی به هۆی پێكانه‌وه، به‌ڵام به ئاستێكی باش ده‌ركه‌وت.
گۆڵه‌كانی ریال مه‌درید لوكا مۆدریچ، رۆدریگۆ، ئۆدۆریۆزۆلا و كه‌ریم بنزێما له خوله‌كه‌كانی 17 و 45، 75 و 76 تۆماریان كرد، تاكه گۆڵی گرانادا خۆرخی مۆلینا له خوله‌كی 71دا تۆماری كرد.
گرانادا كه هه‌فته‌ی پێشووتر له بارسێلۆنای برده‌وه، ئه‌مشه‌و به پێچه‌وانه‌ی یارییه‌كانی پێشوو، به ئاستێكی خراپ ده‌ركه‌وت و ماندووبوونی زۆر به تیپه‌كه‌وه دیار بوو.
به‌م ئه‌نجامه ریال مه‌درید به 78 خاڵ گه‌ڕایه‌وه پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندیی لالیگا، ئاتلێتیكۆ مه‌درید له پله‌ی یه‌كه‌مه به 80 خاڵ، هه‌روه‌ها بارسێلۆنا به 76 خاڵ له پله‌ی سێیه‌مه و سێڤییاش به 74 خاڵ له پله‌ی چواره‌مه، كه ئه‌م چوار تیپه بۆ چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتوو سه‌ركه‌وتوون، به‌ڵام سێ تیپی یه‌كه‌م ركابه‌ریی بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی ئیسپانیا ده‌كه‌ن.
ئه‌نجامی یارییه‌كانی تری ئه‌مڕۆ:
ڤایادۆلید 0-2 ڤیاڕیال
ئیبار 1-1 ریال بێتیس.