ئاڵای ئیسڕائیل سەردانەکەی زەریفی بۆ ڤیەنا هەڵوەشاندەوە

:: PM:02:59:15/05/2021 ‌

بڕیار بوو ئەم هەفتەیە محەمەد جەواد زەریف بە سەردانێکی فەرمی بگاتە نەمسا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاڵای ئیسڕائیل بەسەر بارەگای وەزارەتی دەرەوەی نەمساوە هەڵواسراوە، ئێران داوای داگرتنی کردووە و نەمسا ئامادە نەبووە ئەو کارە بکات و سەردانەکەی زەریف هەڵوەشاوەتەوە.

 

ئەمڕۆ شەموو 15ی ئایار، وەزارەتی دەرەوەی نەمسا لە راگەیەنراوێک دا ئاشکرای کردووە، بەهۆی شەکانەوەی ئاڵای ئیسڕائیل بەسەر وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، ئێران ئامادە نەبووە سەردانە فەرمییەکەی جەواد زەریف بۆ ڤیەنا جێبەجێ بکات.

 

زیاتر روون کراوەتەوە، ئێران داوای لەو وڵاتە کردووە لە کاتی سەردانی وەزیری دەرەوەیا، نەمسا ئاڵای ئیسڕائیل لەسەر باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە دابگرێت، بەڵام نەمسا بەمە رازی نەبووە.

 

وەزیری دەرەوەی نەمسا بە زەریفی راگەیاندووە، هەڵوەشاندنەوەی سەفەرەکەت بۆ نەمسا بەلای وڵاتەکەمەوە ئاساییە و تەنیا دەتوانین بڵێن بەداخین بۆ نەهاتنت بۆ ڤیەنا.

 

لە دەستپێکی گرژییەکانی نێوان فەلەستین و ئیسڕائیل، ئێران پشتیوانی خۆی لە حەماس راگەیاند و لە بەرانبەریش دا نەمسا بەرگری ئیسڕائیلی لە خاک و هاووڵاتییانی بەرانبەر هێرشەکانی حەماس بە رەوا ناو برد و پشتیوانی خۆی بۆ ئورشەلیم دووپات کردەوە.

 

ئەوە لە کاتێکە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی بە چاودێری یەکێتی ئەوروپا لە ڤیەنا بەڕێوە دەچێت و ئەگەر هەیە ئەو رەفتارەی ئێران بەرانبەر گرژییەکانی قودس کاریگەری هەبێت لەسەر پەکخستنی دانوستانەکان.



وشە - هیدایه‌ت جان