نیو ملیۆن عێراقی بە پێكوتەی كۆرۆنا كوتراون

:: PM:04:40:15/05/2021 ‌
پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوامە و تا ئێستە نزیكەی نیو ملیۆن عێراقی بە پێكوتەی كۆرۆنا كوتراون و پێشبینیش دەكرێ‌ پێدانی ڤاكسین لە دوو مانگی داهاتوو خێراتر بێت.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی ئایار، بەپێی دواین ئاماری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق بڵاوی كردووەتەوە تێدا هاتووە، تا ئێستە 472 هەزار و 302 هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق ڤاكسینیان وەرگرتووە.

دكتۆر رێبوار مەهدی پزیشكی پسپۆڕی بۆڕی هەناسە و سییەكان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو ڤاكسینەی تا ئێستە هاتووتە عێراق و هەرێمی كوردستان لە ڕێی بەخشین بووە و هیچی نەكڕدراوە.

زیاتر گوتی، لە كۆتایی ئەو مانگ ئەو گرێبەستی عێراق كردوویەتی بۆ كڕینی ڤاكسین لە چین و بەریتانیا دەچێتە بواری جێبەجێكردن و هاتنی ڤاكسین زۆر زیاتر دەبێت.

ڕوونی كردەوە، ئەو دوو گرێبەستەی عێراق كردوویەتی بۆ كڕینی ڤاكسین تا كۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە شەش ملیۆن ژەمە ڤاكسین دەگاتە عێراق بەمەیش ڕێژەیەكی زۆری دانیشتوان ڤاكسین وەردەگرن.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق ئێستە زۆر بەخێراییە و ڕۆژانە زیاتر لە چوار هەزار تووشبوو تۆمار دەكرێ‌.



وشە - رامیار جەواد