ئەمەریکا هێزێکی زۆری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران رەوانەی کەنداو کردووە

:: PM:08:13:15/05/2021 ‌
ئاژانسی هەواڵی عەرەبیە ئاشکرای کردووە، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لەسەر داوای ناوەندی فەرماندەیی سەنتکام ژمارەیەکی زۆر سەربازی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و ئەو نمایشەش بۆ هۆشداری دانە بە ئێران.
دوو فرۆکەی جەنگی جۆری B52ی رەوانەی ناوچەکە کردووە


ئەمڕۆ شەموو 15ی ئایار، ئاژانسی هەواڵی عەرەبیە راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ئاشکرای کردووە، ئەمەریکا ژمارەی هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست زیاد کردووە و ئەو هەوڵەش بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکە کە لەلایەن ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بەو رژێمە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچەیە ئەنجام بدرێت.

لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو ئەمەریکا ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئاسمانییەکانی رەوانەی کەنداو کردووە، لەگەڵ ئەو هێزانەش دوو فرۆکەی جەنگی جۆری B52ی رەوانەی ناوچەکە کردووە.

تا رۆژی چواری مانگی ئایار ژمارەی فڕۆکە B52ـەکانی ئەمەریکا لە کەنداو شەش فڕۆکە بوو، پێشتر ئەمەریکا ئەو فڕۆکانەی لە ئاسمانی کەنداو دەفراند و دواتر دەگەڕانەوە ئەمەریکا، بەڵام ئێستە بریار دراوە ئەو فرۆکانە بە بەردەوامی لە ناوچەکە بمێننەوە.


هاوکات ئەمەریکا گەلەفڕۆکەیەکی F18ی رەوانەی کەنداو کردووە، ئەو فڕۆکانە دەتوانن تا دووری سێ هەزار کیلۆمەتر بفڕن و ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن و بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەڵام فڕۆکەی B52 دەتوانێ لە هەر خاڵێکی گۆی زەوی ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات و دواتر بگەڕێتەوە ئەمەریکا.

پێشتریش ئەمەریکا بە بیانووی کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان کۆمەڵێک فڕۆکە و کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئایزەنهاوەری لە کەنداو جێگیر کردووە و لە هەموان گرنگتر ژێردەریاییەکی جەنگی گەورەی رەوانەی ئەو ناوچەیە کردووە.

ژێردەریایی جۆرجیا زیاتر لە 150 موشەکی تۆماهاوکی هەڵگرتووە و توانای ناردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و "کەشتی کۆنتڕۆڵ لە رێی دوور" و هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هەیە.

بەپێی سەرچاوەکانی عەرەبیە، ئەو هێزانە لەسەر داوای ناوەندی فەرماندەیی سەنتکام رەوانەی ناوچەکە کراون و ناردنی ئەو ژمارە زۆرە لە هێز و کەرەستەی شەڕە پێشکەوتووانە، دەرخەری هۆشدارییەکی رژدە بە تاران کە کابینەی جۆ بایدن هەموو ئەگەرەکانی هێرشی ئێرانی بۆسەر سەربازەکانی لە ناوچەکە لەبەرچاو گرتووە و پێشانی دەدات کە هێرشی ئێران و میلیشیاکانی لە ناوچەکە بۆسەر ئەمەریکا جێی قبوڵکردن نییە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە سەرەتا وای پێشان دا کە ناردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئایزەنهاوەر بۆ ناوچەکە پێوەستە بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان، بەڵام سەرچاوەکانی عەرەبیە ئاشکرایان کردووە کە ئەمە هۆشدارییەکی راستەوخۆیە بە تاران.

ئەو سەرچاوانە بۆ عەرەبیەیان ئاشکرا نەکردووە کە ئێران پیلانی چییە بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا یا فەرمانێکی لەو شێوەیەی بە میلیشیاکانی لە ناوچەکە کردووە، بەڵام تێکهەڵچوونەکانی ئەو دوو هەفتەیەی رابردوو لە نێوان هێزی دەریایی ئەمەریکا و کەشتییەکانی سوپای پاسداران لە کەنداو، هاوکات هێرشەکانی سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و هێرش بۆسەر کاروانی لۆجەستیکی هاوپەیمانان لە عێراق دەتوانن هۆکاری ئەو جووڵە سەربازییانەی ئەمەریکا بن.

ئەو سەرچاوە تەناهییانە رایان گەیاندووە، ئەمەریکا دەیەوێ رێگە لە قواستنەوەی ئێران بگرێت لە بەرانبەر کشاندنەوەی سەربازە ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان و لە رێی ئەو فڕۆکانەوە رێگری لە هێرشی میلیشیاکانی ئێران دەگرێت بۆ سەر کاروانە سەربازییەکانی، لەبەر ئەوەی ئەو رەفتارە ئەمەریکا لاواز و دەستەوەستان پێشان دەدات و ئێران وەک هێزێکی براوە دەردەخات.

جۆ بایدن دەیەوێ هاوکات لەگەڵ دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران و چارەسەری کێشە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لە رێی دیپلۆماسییەوە، ئەو پەیامەش بداتە ئێران کە زەمینە بۆ هێرش و بەرپەرچدانەوەی ئێران بابەتێکی رژدە و ئەوەش بە نمایشی هێزەکانی پێشانی تاران دەدات.


وشە - هیدایه‌ت جان