عێراق دەیەوێ سیستمی بەرگریی ئاسمانی بكرێ و ئەمەریكایش هەڕەشە دەكات

:: AM:09:19:16/05/2021 ‌
یاریدەدەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، حكوومەت نیازی هەیە لە مانگەكانی داهاتوودا گرێبەست بكات بۆ كڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، مەبەست لێی كڕینی سیستمی "ئێس 400"ی رووسییە، ئەمەریكایش هەڕەشەی لێ دەكات بەوەی سزای بەسەر دەسەپێنێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 16ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، نایف شەمەری یاریدەدەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیاری كڕینی ئەو سیستمەی باس كردووە كە حكوومەتی عێراق دەیەوێ بیكڕێت، ئەمەریكایش دەڵێ ئەگەر ئەو هەنگاوە بهاوێژێت، سزای قورسی بەسەر دەسەپێنین.

شەمەری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئێوارەی دوێنی گوتوویەتی، لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021دا، باس لەوە كراوە كە هێزەكانی سەربازی پڕچەك بكرێن بە چەكی پێشكەوتوو وەك ئەوەی لە سوپاكانی دنیادا هەیە.

ئەوەشی گوتووە كە لیژنەكەیان لەوبارەیەوە چەندان دیمانەی لەگەڵ وەزیری بەرگری و فەرماندەكانی بەرگریی ئاسمانی كردووە، بۆیە نیاز وایە لە چەند مانگی داهاتوودا حكوومەت گرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە بكات كە لەو بوارەدا كار دەكەن.

لەلایەكی تریشەوە بەپێی راپۆرتەكان كە لە ئەمەریكاوە دەردەچن، دوو پەرلەمانتاری عێراقی گوتوویانە، حكوومەتی عێراق نیازی هەیە سیستمی "ئێس 400"ی رووسی بۆ بەرگریی ئاسمانی بكڕێت، بۆ ئەوەیش گفتوگۆی كردووە. بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا گوتوویەتی، ئەگەر عێراق ئەو هەنگاوە بهاوێژێت بۆ كڕینی ئەو سیستمە رووسییە، سزای قورسی بەسەر دەسەپێنین.

ساڵی پار مۆسكۆ دووپاتی كردەوە، ئامادەیی هەیە داواكارییەكانی عێراق لەبارەی هاوكاریی سەربازی و چەكی پێشكەوتوو، جێبەجێ بكات.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د