بۆ مریشك بڕیارێكی نوێ‌ دەرچوو

:: AM:09:23:16/05/2021 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕای دەگەیەنێت، دوای 21ـی ئایار، هەر بەرهەمێكی مریشك لە بازاڕەكان بەبێ ستیكەر هەبێت، ئەوا بە ساختە ئەژمار دەكرێ‌ و ڕێكاری یاسایی بەرانبەر خاوەنەكەی دەگیرێتەبەر.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی ئایار، حوسێن حەمەكەریم گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە پێناو پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی، سەربڕخانەكانی پەلەوەری لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی خستنە بازاڕی بەرهەمی مریشك و پارچەكانی فرێش و بەستووی مریشك، لەو هەفتەیە چەند بڕیارێك جێبەجێ‌ دەكرێت.

سەرجەم سەربڕخانەكان ئاگەدار كراونەتەوە كە بۆ خستنە بازاڕی بەرهەمەكانیان تا رۆژی 21ـی ئایار،
زیاتر گوتی، پێشتر لە 25ـی نیسان بە نووسرای فەرمی، سەرجەم سەربڕخانەكان ئاگەدار كراونەتەوە كە بۆ خستنە بازاڕی بەرهەمەكانیان تا رۆژی 21ـی ئایار، پێویستە ستیكەر بەكار بهێنن.

ڕوونی كردەوە، لەدوای 21ـی ئایار، هەر بەرهەمێكی خۆماڵی بەبێ ستیكەر و باركۆدی پەسندكراوی وەزارەت، لە بازاڕەكان بەساختە ئەژمار دەكرێ، بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆ قەدەغەكردنی بەرهەمی بەبێ ستیكەر و باركۆدی پەسندكراو.

بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و ڕێگری لە فرۆشتنەوەی بەرهەمی بەستووی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، بڕیار دراوە كە بەرهەمەكانی مریشك بە ستیكەر بفرۆشرێن.



وشە - رامیار جەواد