لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاڵۆزی و جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و غەزە، جۆ بایدن پێوەندی بە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و مەحموود عەباس سەرۆكی فەلەستینەوە كرد.
لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا بنیامین نەتەنیاهۆ دوای یەك هەفتە لە دەستپێكردنی جەنگەكە، بەڵێنی بە سەرۆكی ئەمەریكا داوە بە هیچ شێوەیەك خەڵكی سڤیل ناكاتە ئامانج. هاوكات سوپاسی ئەمەریكاشی كردووە لەوەی لەو پرسەدا ئەمەریكا پشتی ئیسرائیلی گرتووە.
بایدن دوای ئەوە پێوەندی بە نەتەنیاهۆ كرد كە باڵەخانەیەكی غەزە بەهۆی فڕۆكەكانی ئیسرائیل كرانە ئامانج كە نووسینگەكانی ئاسۆشێتدپرێس و جەزیرەی لێ بوو، بە گوتەی ئیسرائیل شوێنەكە لە لایەن چەكدارانی حەماسەوە بەكار هاتووە، بۆیە كردوویەتە ئامانج.
دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین پێویستە لە تەنیشت ئیسرائیل دابمەزرێت.
بایدن لە پێوەندی لەگەڵ مەحموود عەباس سەرۆكی فەلەستینیش، پێداگری لەوە كردووە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین پێویستە لە تەنیشت ئیسرائیل دابمەزرێت.
بەگوێرەی
رادیۆ فەردا، ئەو هەروەها دژایەتی خۆی بۆ دەركردنی فەلەستینییەكان لە ناوچەی شێخ جەراح دەربڕیوە و گوتوویەتی، ئەمەریكا لە هەوڵی ئەوەدایە كۆتایی بەو جەنگە بهێنێت كە لە نێوان ئیسرائیل و غەزە دەستی پێ كردووە.
لەوەتەی بایدن بووەتە سەرۆك، یەكەم جارە پێوەندی بە سەرۆكی فەلەستینەوە دەكات. بایدن كاتێك پۆستەكەی وەرگرت، دەستی بە دووبارە ناردنی یارمەتییە داراییەكانی ئەمەریكا بۆ فەلەستین كردەوە كە لە سەردەمی ترەمپ بە تەواوی راگیرابوون.