خاوەن یەكەكانی نیشتەجێبوون بە بڕیارێكی دەستەی وەبەرهێنان دڵخۆشن

:: AM:10:24:16/05/2021 ‌
لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، بڕیار دراوە لەو دۆخەدا كە نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە، رەچاوی ئەو كەسانە بكرێت كە قیستی خانوو و یەكەی نیشتەجێبوونیان لەسەرە و نرخی دۆلاریان بە كەمتر لە نرخی ئێستە بۆ حیساب بكرێت. یان ماوەی قیستەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە و ئەمەش بووەتە مایەی دڵخۆشكردنی هاووڵاتییان.

لە كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوودا، نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە، ئەوەش دوای ئەو بڕیارە هات كە بانكی ناوەندی عێراق دەریكرد بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لە بەرانبەر دیناری عێراقی، كە بەهۆیەوە هاووڵاتییانی هەژار و ئەوانەی كە قەرز و قیستی خانوو و یەكەی نیشتەجێبوونیان لەسەر بوو زیانیان كرد، ئەمە سەرەڕای گرانبوونی خۆراك و كەلوپەل و پێویستییەكانی تر.

محەمەد شكور سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارێكمان ناردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەبەرهێنان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، خەریكن شێوازی جێبەجێكردنەكەن بۆ ئەو هاووڵاتییانەی كە بەشدارییان لە یەكە و سیتییەكان كردووە و قیستی مانگانەیان لەسەرە.

داوامان كردووە نرخی دۆلار بە كەمتر لە نرخی ئێستە و بازاڕ وەربگیرێتەوە


ئەو دەڵێت، "ئێمە لە بڕیارەكەماندا داوامان كردووە نرخی دۆلار بە كەمتر لە نرخی ئێستە و بازاڕ وەربگیرێتەوە لەو هاووڵاتییانەی كە قیستی مانگانەیان لەسەرە، لە بەرانبەردا دوو ساڵ ماوەی دانەوەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە، ئەگەر كەسێك قیستی خانوو و شوقەی لەسەر بێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ، بۆی بكرێت بە حەوت ساڵ، واتە ئەو پارە زیادەیە كە بەهۆی گرانی نرخی  دۆلار لێی وەردەگیرێت، بۆی درێژ بكرێتەوە لە قیستەكەدا."

هەروەها گوتی، بڕیارەكە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەركراوە و داواشیان كردووە نرخی دۆلار وەك بۆرسە نەبێت، 100 دۆلار بە 130 هەزار لەسەر بەشداران و خاوەن قیستەكان حیساب بكرێت، ئێستە چاوەڕێی وەڵامی ئەو بڕیارەن لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانەوە تا بۆ جێبەجێكردنەكەی بەدەستیان بگاتەوە  .

دەستەی وەبەرهێنان داوای كردووە خاوەن كۆمپانیاكان و ئەو وەبەرهێنەرانەی كە پڕۆژەی نیشتەجێبوونیان هەیە و كۆمەڵێك كەس قیستیان لەسەرە، لەو یەكانە نرخی دۆلار بە كەمتر لە نرخی بۆرسە وەربگیرێت، بڕیارەكەی دەستەی وەبەرهێنانیش لە بەرژەوەندیی ئەو هاووڵاتییانەیە كە بەشداریان لە یەكەكان كردووە.

لە لایەكی ترەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی رای دەگەیەنێت، كە ئەوان لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە داوایان لە خاوەن پرۆژەكان و یەكەكانی نیشتەجێبوون كردووە ئەو قیستەی لەسەر هاووڵاتییانە، یان درێژی بكەنەوە یان نرخی دۆلار بۆ قیستەكان بە هەمان نرخی پێش گرانبوون دابنرێت.

ئەندازیار عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی رای گەیاند، چەند جارێك بە نووسراو داوایان كردووە خاوەن پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە بەرانبەر ئەو دۆخەی دروست بووە و نرخی دۆلار بەرز بووەتەوە، دۆخی هاووڵاتییانی بەشدار لە خانوو و شوقەكان لەبەرچاو بگرن، ئەوانەی كە قیستی مانگانەیان لەسەرە.

هەروەها گوتی، داوایان كردووە یان قیستەكان كە بڕەكەیان زۆرە كەم بكرێنەوە، هەروەها نرخی دۆلار بە نرخی پێش گرانبوون وەربگیرێت كە 125 هەزار دینار بوو بۆ 100 دۆلار، لە بەرانبەردا هیچ زیادەیەك نەخرێتە سەر و خۆشبەختانە بەدەمەوەهاتن هەبووە.

خاوەن پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئێستە پابەندی داواكەی ئێمە بوون


وەك زیاتر خستیەڕوو، "هەندێك لە خاوەن پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئێستە پابەندی داواكەی ئێمە بوون، هەندێكی تریشیان  قیستەكان بە نرخی پێش گرانبوونی دۆلار لە خاوەن قەرزەكان وەردەگرنەوە و 100 دۆلار بە 125 هەزار بۆ  130 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام هەندێكی تریان پێیان وایە پارەیان لە بانك بووە، بە نرخی ئێستە كە گران بووە وەریان گرتووە، ناكرێ بە نرخی كەم لە خاوەن قیستەكانی وەربگرنەوە."

بەشدارانی یەكەكانی نیشتەجێبوون و سیتییەكان بەو بڕیارەی حكوومەت، لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان دڵخۆشن و پێیان وایە لەو دۆخەدا كە بەهای دینار دابەزیوە، بڕیارێكی باش دراوە و تا ئاستێك دەتوانێ مانگانە بڕێك پارەی كەمتر بدەن بە دانەوەی قیستەكان.

ئیبراهیم محەمەد بەشدارێكی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارەكە سووككردنی باری دارایی ئەو هاووڵاتییانەیە كە قیستی پڕۆژەكانی یەكەی نیشتەجێبوونیان لەسەرە، چونكە ئێستە بەراورد بە پێش بەرزبوونەوەی دۆلار، بۆ هەر 100 دۆلارێك بڕی 25 هەزار دینار زیاتریان لێ وەردەگیرێت.

ئەوەشی گوت، ئێستە ئەگەر بەشدارێك مانگانە 300 دۆلار قیست بداتەوە، بڕی نزیكەی 450 هەزار دینار دەكات، بەڵام ئەگەر  دۆلار بە 125 وەربگیرێت، ئەوكات مانگانە 75 هەزار كەمتر دەدەن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان