سلێمان هەڵشۆیی لە گرتووخانەیە

:: AM:11:00:16/05/2021 ‌
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕای دەگەیەنێت، هێشتا سلێمان هەڵشۆیی لە گرتووخانەیە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە ڕاكردنی دەكەن، دوورن لە ڕاستی.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی ئایار، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دەنگۆی هەڵاتنی سلێمان هەڵشۆیی لە گرتووخانە بڵاو كراوەتەوە دوورە لە ڕاستی و ئەو هێشتا گرتووخانەیە.

تا ئێستە 120 سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، سلێمان هەڵشۆیی بەبڕیاری دادوەر بەپێی مادەی 456 لە یاسایی سزادانی عێراقی ڕاگیراوە، ئێستەش لە گرتن و گواستنەوەی ڕاپەڕینە و تەندروستی زۆر باشە، لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.

ڕوونی كردەوە، دوو ڕۆژە دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست بڵاو دەكرێتەوە كە باس لە هەڵاتنی دەكرێ‌، ئەو جۆرە هەواڵە نادروستانە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر بارودۆخی دەروونی هاووڵاتییان، بەتایبەت ئەو كەسانەی كە مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی كردووە و سكاڵایان تۆمار كردووە. 

سلێمان هەڵشۆیی لە ماوەی ڕابردوو خۆی وەك بازرگانێك پێشان دا و پارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی لایە كە زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار دەبێت، دواتر مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاند، لەلایەن پۆلیس گیراوە و تا ئێستە 120 سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە.



وشە - رامیار جەواد