بڕیاره له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا دوو كتێبی نوێی نووسه‌ر و شاعیری ناوداری كورد ته‌ڵعه‌ت تاهیر، چاپ و بڵاو بكرێنه‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 16ی ئایار، سه‌نگه‌ر زراری به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای فام بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "نووسه‌ر و شاعیر ته‌ڵعه‌ت تاھیر، نوێترین كتێبه‌كانی (ناوی تۆ ئیمزای منه) و (ڕۆژگاری وشك و چاوی ته‌ڕ)، له‌لایه‌ن ده‌زگای فام چاپ كراوه و له چه‌ند ڕۆژی داهاتوو له بازاڕه‌كان بڵاو ده‌كرێته‌وه و ده‌كه‌وێته به‌رده‌ستی خوێنه‌ر".
ڕوونیشی كرده‌وه، "كتێبی (ناوی تۆ ئیمزای منه) به‌رهه‌می یه‌كه‌میه‌تی و پێك هاتووه له زۆربه‌ی شیعره‌كانی له ماوه‌ی 15 ساڵی ڕابردوو، كتێبه‌كه بریتییه له 10 به‌ش و له 400 لاپه‌ره پێك ھاتووه".
سه‌نگه‌ر زراری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كتێبی دووه‌م به ناوی (ڕۆژگاری وشك و چاوی ته‌ڕ) بریتییه له نووسین و دنیابینیی ئه‌ده‌بی نووسه‌ر، ئاوڕدانهوهیهكیشه بۆ ئه‌زموونی نووسه‌رانی تری كوردی و دنیا، ئه‌م كتێبه‌یش 400 لاپه‌ڕه‌یه".
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌وڵمان داوه له ڕووی ته‌كنیكی چاپه‌وه، چاپێكی جیاواز بێت له‌وه‌ی له كتێبی كوردیدا هه‌یه و دواتر خوێنه‌ر ده‌یبینێ كه چاپێكی ته‌واو نوێیه."
ته‌ڵعه‌ت تاھیر له شارۆكه‌ی مه‌خمووری سه‌ربه پارێزگای هه‌ولێر له 18ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1973 له دایك بووه، نووسه‌ر و شاعیرێكی ناوداری كورده. له كۆتاكانی هه‌شتاكان ده‌ستی به نووسینی شیعر كردووه. ته‌ڵعه‌ت تاهیر ماوه‌یه‌ك جێگری سه‌رۆكی بنكه‌ی ڕووناكبیریی گه‌لاوێژ بووه. گۆرانیبێژی كورد زیاد ئه‌سعه‌د به‌شێك له گۆرانییه‌كانی، له هۆنراوه‌كانی له ته‌ڵعه‌ت تاهیر وه‌رگیراون.