پێشمەرگەیەك خنكا

:: AM:11:38:16/05/2021 ‌
پێشمەرگەیەك /27 ساڵ/ لە ئاوی دووكان خنكا و تەرمەكەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەرهێنراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی ئایار، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دووكان بڵاوی كردووەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ لە كاتی مەلەكردندا گەشتیارێك لە زێی دووكاندا خنكا و دوای 15 خولەك لەلایەن هاووڵاتییان و پۆلیسی فریاكەوتنی دووكان، تەرمەكەی دەرهێنرایەوە.

ڕوون كراوەتەوە، لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعات ئەمە دووەمین ڕووداوی خنكانە لە ئاوی دووكاندا.

باس لەوەش كراوە، ئەو پێشمەرگەیە بۆ گەشت هاتووەتە ئەو شوێنە و ئەم گەشتیارە دانیشتووی شاری كەركووك بووە و كوردە، پێشمەرگە بووە لە هێزەكانی 70.

ڕێبین تەڵعەت ئەفسەری بەرگریی شارستانی لە سنوورەكە، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم ئەو شوێنانەی ئاویان لێیە، تابلۆی ئاگەداری لێ دراوە كە نابێت مەلی تێدا بكرێت و مەترسیدارە.

ڕوونی كردەوە، بەردەوام تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە ڕۆژانی پشوو لەسەر ئاو و ڕووبارەكان ئامادەن، بەڵام كێشە ئەوەیە هاووڵاتییان گوێ‌ لە هۆشیارییەكان ناگرن و بە گوێمان ناكەن.

پێشتر بەردەوام هۆشداری دراوە بە هاووڵاتییان لە ئاوی دووكاندا مەلە نەكەن، چەندان تابلۆی ئاگاداركردنەوە و بەرچاوڕوونی دانراوە، بەڵام بە پابەندنەبوونی هاووڵاتییان ڕووداوی نەخوازراوی لێ‌ دەكەوێتەوە.





وشە - رامیار جەواد