ژنی باڵوێز كارمەندان داركاری دەكات

:: AM:10:44:17/05/2021 ‌
باڵوێزی بەلجیكا لە كۆریای باشوور چونكە خۆی و خێزانەكەی پارێزبەندییان هەیە كە بەپێی یاسای ئەو وڵاتە تێیدان، بۆیە ئەگەر كێشەیەكیش دروست ببێت، پارێزبەندییەكە فریایان دەكەوێت، ئەمجارەیان هاوسەری باڵوێزی بەلجیكا لە سیۆل، دوو كارمەندی داركاری كردووە بێ ئەوەی پۆلیس بتوانێ بیگرێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 17ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، هاوسەری باڵوێزی بەلجیكا لە كۆریای باشوور "پیتەر لیكۆییە" لە بازاڕگایەك پەلاماری دوو كارمەندی داوە و لێی داون، چونكە گومانیان لێ كردووە دزیی كردبێت. چونكە ئەو ژنە پارێزبەندیی هەیە، پۆلیسی كۆریا نەیتوانیوە بەپێی سكاڵای كارمەندەكان، ئەو ژنە بگرێت.

بەپێی پێگە عەرەبییەكە، دوای ئەوەی پۆلیسی كۆریای باشوور باڵوێزی لەو كێشەیە ئاگادار كردووەتەوە، ئەویش چووە بەناوی هاوسەرەكەی "داوای لێبوردنی كردووە و گوتوویەتی ئەو كارەی كردوویەتی باش نییە"، بەڵام بەهۆی پارێزبەندییەكەوە پۆلیس دەستبەستراو ماوەتەوە و مافی كارمەندەكانیش ئاوەوئاو چوو.

لەلایەكی تریشەوە بەرپرسێك لە كۆمسیۆنی پۆلیس لە یونگسان لە سیۆل گوتوویەتی، لەبارەی ئەو كێشەیەوە باڵوێزگەی بەلجیكا رای گەیاندووە، هاوسەری باڵوێز پارێزبەندیی هەیە، بۆیە سكاڵاكان وەرنەگیران و دۆسیەكەیش داخرا.

كۆریای باشوور لەو وڵاتانەیە بەپێی رێككەوتنی جنێڤ، دیپلۆماسییەكان لە وڵاتەكەی پارێزبەندییان دەبێت.

پێشتر میدیاكان لەو وڵاتە رایان گەیاندبوو، هاوسەری باڵوێز لە بازاڕگایەك چەند پارچە جلێكی تاقی كردووەتەوە و دواتر ویستوویەتی بڕوا، دوو كارمەند گومانیان لێ هەبووە كە دزیی كردبێت، بۆیە  لێپێچینەوەیان لەگەڵ كردووە، ئەویش لەبری ئەوەی روونكردنەوەیان بۆ بدات، لە هەردووكیانی داوە.

گرتە ڤیدیۆی ئەو كێشەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە و رەخنەی زۆر لە هاوسەری باڵوێزی بەلیجا لە كۆریای باشوور گیراوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د