ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا داوای چوونەدەرەوەی پەكەكە دەكات

:: PM:04:11:03/03/2017 ‌

بەشار كیكی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا داوای لە پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" كرد بۆ كۆتاهێنان بە بوونی نایاسایی لە شارۆكەی شنگال و رای گەیاند كە پێویستە لەو ناوچەیە بچێتە دەرەوە.

كیكی ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند كە لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارەتی و چەسپاندنی بنەماكانی سەقامگیری لە ناوچە ئازادكراوەكانی نەینەوا بە گشتی و شنگال بەتایبەتی، داوا لە پەكەكە دەكەین كە زۆر بەپەلە بارەگەكانی لەو شارۆكە و ناوچەكانی دەورووبەری چۆڵ بكات.

زیاتر گوتی، بوونی نایاسایی ئەو حزبە لەوێ لە هۆكارەكانی ناسەقامگیری ناوچەكە و نەگەڕانەوەی خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچانەیە بۆ شوێنی خۆیان، هەروەها هۆكارە بۆ بێتوانایی حكوومەتی ناوەخۆیی نەینەوا بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانی لە بەرامبەر هاووڵاتییان و رێگریشە لەبەردەم رێكخراوە خێرخوازییەكان بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری و فەرمانگە حكوومەتییەكان بۆ گەڕانەوە بۆ ئەوێ، جیا لەو زیانە دەروونی و كۆمەڵگەییەی بەو ناوچانە گەیشتوون. 

كیكی بە توندی سەركۆنەی جەنگی ئەمڕۆی نێوان پێشمەرگەكانی رۆژئاوا و یەبەشەی كرد لە خانە سۆری سەر بە شارەدێی سنونێ، بێجگە لەو پێشێلكارییانەی پەكەكە لەو پارێزگایە دەیكات.

كیكی ئاماژەی كرد كە پێشتر ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا چەندان بڕیار و رێنوێنی لەو بارەوە دەركردووە و سیاسەتی سەپاندنی باری خۆسەپاندنی رەت كردووەتەوە و داواشی لە حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بۆ پاڵەپەستۆ خستنە سەر پەكەكە بۆ پاشەكشە لە شنگال. 

بەیانی ئەمڕۆ هەینی شەڕە تەقە لە نێوان هێزێكی پێشمەرگەی رۆژئاوای سەر بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی یەبەشەی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناوچەی خانە سۆری سەر بە شارەدێی سنونێ لە شنگال رووی دا و بەو هۆیەوە شەهید و بریندار لە هەردوو لادا هەیە، ئێستە شەڕەكە وەستاوە. 

سەرچاوە: شەفەق نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل