فارووق جه‌میل وه‌زیری پێشووتری دادی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووپات له‌سه‌ر بوونی ده‌ستوورێكی عیلمانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه و له‌و دیمانه‌دا، له‌گه‌ڵ "وشه" باس له‌وه ده‌كات كه ده‌ستووری ئیسلامیی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه. هه‌روه‌ها روونی ده‌كاته‌وه كه پێش نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور ده‌بێت حزبه‌كان ناكۆكی وه‌لا بنێنن.
•ئێسته مشتومڕی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور هه‌یه، كوردستان ده‌توانێ ببێته خاوه‌نی ده‌ستوور؟
به‌ڵێ، كوردستان ده‌توانێ ببێته خاوه‌نی ده‌ستوورێكی زۆر باشی خۆی، به‌مه‌رجێك ده‌ستوورێكی گشتیی بێت و جێی به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌ن و حزبێكی تێدا نه‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها پێویسته له‌كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور په‌رله‌مان له‌و دۆخه خراپه‌ی ئێسته‌ی بێته ده‌ره‌وه و رۆڵی زیاتری خۆی ببنێ، به‌جۆرێك زۆرینه‌ی په‌رله‌مان مه‌ترسیی نه‌بن له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور و زه‌مینه‌ی بۆ بڕه‌خسێنرێ.
•مه‌ترسییه‌كه‌ی تۆ له ده‌ستوور ته‌نیا ئه‌وه‌یه ده‌ستوور به زۆرینه تێپه‌ڕێنرێ؟
نه‌خێر، ئه‌وه مه‌ترسیی نییه، چونكه تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگه‌كانی پێویسته، به‌ڵام پێویسته په‌رله‌مان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی یاسایی رۆڵی باشتری هه‌بێت نه‌ك حزب ده‌ستوه‌ردان له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور بكات، چونكه ئێسته به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیی و گۆڕان هیچی له به‌رژه‌وه‌ندی پارتی له حكومڕانی كوردستان كه‌متر نیی، ته‌نانه‌ت پێویسته ئه‌وانه‌ی ده‌ستوور ده‌نووسنه‌وه زۆر خه‌ڵكی شاره‌زا و یاسایی بن و كۆنفرانسی زۆر له‌باره‌یه‌وه ببه‌سترێ.
•خواستی زۆر هه‌یه بۆ بوونی ده‌ستوور، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ نه‌بوونی ده‌ستووره، ئه‌وانه كێن؟
پێموانییه هیچ كه‌سێك له كوردستان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بێ ده‌ستوور بوونی نه‌بێ، به‌ڵام ئه‌وانه زۆرن كه ده‌یانه‌وێ ده‌ستوور بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كار بهێنن، به‌ڵام سه‌ربه‌خۆ و رێوشوێنی گونجاو بۆ دامه‌زراوه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌بێ له‌ناو ده‌ستوور هه‌بن.
•ئه‌و په‌رله‌مانی ئێسته ده‌توانێ پرسێكی گرنگی وه‌ك ده‌ستوور تێپه‌ڕێنێ؟
ده‌ستوور تێپه‌ڕاندن قورس نییه، گرنگ له‌وه‌یه له‌ناوه‌ڕۆكی ده‌ستووره‌كه چی ده‌نووسنه‌وه.
•به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و هه‌وڵانه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور هێشتا ململانێی حزبی له كوردستان هه‌یه، ئه‌وه ڕێگر نییه؟
ئه‌و ململانێ حزبی و سیاسییه‌ی هه‌یه كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌یه، به‌تایبه‌ت كه ئه‌و ململانێیه له‌نێوان ئه‌و حزبانه‌یه كه له‌ناو حكوومه‌ت به‌شدارن، بۆیه پێش نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور ده‌بێت ئه‌و ململانێیانه كاڵ بكرێنه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور بدرێ به كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی بێلایه‌ن، ئاساییه ئه‌گه‌ر لیژنه‌یه‌كی نوێ ده‌ستبه‌كاربێ نه‌ك ئه‌و لیژنه‌ی پێشوو كه هه‌بوون، ئه‌وان ته‌نیا ده‌توانن راوێژیان پێ بكرێ. به هه‌موو جۆرێك پێویسته ده‌ستوورێكی سه‌رده‌میانه بێت و دووربێ له ده‌ستوورێكی ئیسلامی و پێویسته ده‌ستوور عیلمانی بێ.
•كه‌واته تۆ پشتگیری له ده‌ستوورێكی عیلمانی ده‌كه‌ی؟
به‌ڵێ، چونكه ده‌ستووری ئیسلامی كاره‌سات ده‌نێـته‌وه، كوردستان نابێت هه‌رێمێكی ئیسلامی بێت و ده‌بێ مۆدێرن بێ، له‌گه‌ڵ ئه‌و قۆناغه‌یش پێویسته حزبه ئیسلامییه‌كانی كوردستان خۆیان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بگونجێنن و به‌شداری له هه‌ڵبژاردن و پڕۆسه‌ی سیاسیی كوردستان بكه‌ن.
•به ده‌رفه‌تی ده‌زانم پرسیارت له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری لێ بكه‌م، رات له‌سه‌ریان چییه؟
پێویسته گۆڕانكاری له ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بكرێ، چونكه دادوه‌ری و دادگاكان به‌ته‌واوی تێكچوون، ئێسته مه‌ترسیی هه‌یه له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كاندا خراپتر بێته شوێنیان له‌وه‌ی ئێسته هه‌یه.