فڕۆکەیەکی ئوردنی لە سلێمانی لە رێڕەو لای دا

:: AM:08:44:04/03/2017 ‌
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی مەلەکی ئوردنی لە کاتی نیشتنەوەیدا لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لە رێڕەوی خۆی لای دا و لەناو خۆڵ خۆی گرتەوە و سەرنشینەکان جگە لە مەترسییەکانی سەر ژیانیان لەلایەن ئاسایشی فڕۆکەخانەوە هەراسان کران. 

یەکێک لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە بە "وشە"ی راگەیاند، فڕۆکەکە نزیکەی ٦٠ سەرنشینی تیادا بوو لە سەعات 02:30 لە فرۆکەخانەی عەممانەوە بە ئاراستەی سلێمانی کەوتەڕێ و گەشتەکە تا کاتی نیشتنەوە لە سلێمانی ئاسایی بوو.

"لەوکاتەی فڕۆکەکە لە زەوی نزیک بووەوە  نەیتوانی بچێتە سەر رێڕەوی خۆی و بە شڵەژانێکی زۆرەوە خۆی لەسەر زەوییەکی خۆڵ نزیک رێڕەوەکە گرتەوە، بەڵام هیچ زیانێک بە سەرنشینەکان نەگەیشت" سەرنشینەکە وای گوت.

ئاماژەی بەوەش دا کە سەرنشینەکان کە لە ناو سەرنشینەکان جگە لە کورد بیانیش هەبوو، بەڵام مامەڵەی ئاسایشی فڕۆکەخانە زۆر ناپیشەیی بوو بەو هۆیەوە لەگەڵ چەن هاووڵاتییەک دەمەقاڵە رووی دا و ژمارەیەک ئاسایش بە چەکی جۆرەوەجۆرەوە لەناو سەرنشینەکان وەستان هەر لە هاتنە دەرەوەی سەرنشینەکان لەناو فڕۆکەکە تا ناو پاسەکانی گواستنەوە و دواتریش لە هۆڵی پشکنینی پاسپۆرت دیسان دەمەقاڵە رووی دایەوە، جیا لەوەی چەند جارێک رێگری لە جوڵەی خەڵکەکە کراو بەتەواوی بێزاریان کردین.

ئەو سەرنشینە کە لەسەر داوای خۆی ناوی بڵاو ناکرێتەوە  ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە هەر لە هاتنە دەرەوە سەرنشینان لە فڕۆکەکە تا ناو فڕۆکەخانەی سلێمانی سێ جار و سێ تیمی جیاواز مۆبایلی گەشتیارانیان پشکنی وێنەکانی رووداوەکەیان سڕیەوە  بێ رەچاوکردنی دڵەڕاوکەی گەشتیاران کە بەهۆی خراپی شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکەکە قادرمە لەگەڵ دەرگانیدا نەدەگونجا بۆ دابەزین بۆیە هەمووان خەمبار و چاوەڕوانی گڕگرتینی فڕۆکەکەیان دەکرد چونکە زیاتر لە پێنج ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لە جامی فڕۆکەکەوە دیار بوون و رادارەکانیان کاری دەکرد.

فڕۆکەکە فلایتی RJ128 بوو لە هێڵی ئاسمانی ئوردنی.

زیاتر گوتی "کەشی ئاسمانی فڕۆکەخانەی سلێمانی تەماوی بوو نیشتنەوەی فڕۆکەکەش لەسەر خۆڵ ناوچەکەی تەواو خۆڵاوی کرد"


وشە - باز ئه‌حمه‌د