پەناخوازە سیاسییەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەولێر بەخاك دەسپێردرێت

:: PM:12:06:24/05/2021 ‌
بێهزاد مەحموودی ئەو پەناخوازە سیاسییەی هەفتەی رابردوو لە بەردەم بارەگای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر خۆی سووتاند، شەوی رابردوو گیانی لە دەست دا و بڕیارە ئەمڕۆ لە هەولێر بە خاك بسپێرێت.

شۆڕش حاجی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، ئەو ئەندامەی پارتەكەیان گیانی لە پێناو مافی خۆی و هەموو پەناخوازە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەخت كرد، وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو گەنجە و پەناخوازانی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئاماژەی دا ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی هەر لە هەولێر بە خاكی بسپێرن.

ئێران دیسان دەیەوێ ئەو پرسە بەلاڕێدا بەرێت


بەپێی هەندێك زانیاری، كۆماری ئیسلامیی ئێران دیسان دەیەوێ ئەو پرسە بەلاڕێدا بەرێت وەك ئەوەی خۆی خەمخۆری هاووڵاتییەكانیەتی، تەنانەت تەرمەكەی بۆ رۆژهەڵات بگوازێتەوە.

ئەو بەرپرسەی خەبات ئاماژەی دا، كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو رۆژەش كە سەردانی بێهزادیان كردبوو، هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوە بووە لە هەرێمی كوردستان ئاژاوە و پشێوی بهێننە كایەوە و ناكۆكی لە نێوان حزبە سیاسییەكان و تەنانەت حكوومەتی هەرێمی كوردستان بهێننە كایەوە، بەڵام زوو پیلانەكە ئاشكرابوو و پاسەوانانیان لە نەخۆشخانە نەیانهێشت ئەو نوێنەرانەی كونسوڵگە كە ئەندامانی دەزگای ئیتڵاعاتین، ئامانجەكەیان بپێكن و لە نەخۆشخانە دووریان خستنەوە.

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئێران باش دەناسێت و لەو پیلانەکانی ئێران تێدەگات.


ئەو گوتی وەك خۆیان لە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە، لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هاوئاهەنگیدان و ناتوانن ئەوە پشتڕاست بكەنەوە ئەوكات مەبەستی ئەو تیمەی ئێران رفاندنی بێهزاد بووە یان نا، بەڵكو تەنیا ئەوە دەزانن ئێران هەموو كاتێك بەتەمای ئاژاوەنانەوە بووە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئێران باش دەناسێت و لەو پیلانەکانی ئێران تێدەگات.
 
پێویستە بگوترێ بێهزاد مەحموودی بە هۆی دۆخی نالەباری ژیانی خۆی و پەناخوازانی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، بەهۆی وەڵامنەدانەوەی داواخوازییەكانی بۆ ئەو مافانە لە لایەن رێكخراوی unhcr ی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، هانای بۆ خۆسووتاندن برد.

هیچ وەڵامێكیان پێ نەدابووەوە.


ئەو چەندان جار سەردانی نووسینگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێری كردبوو، بەڵام هیچ وەڵامێكیان پێ نەدابووەوە. 

پێویستە بگوترێ ئەو لە بەردەم كامێراكان خۆی سووتاند و دواتر راپۆرتە پزیشكییەكانیش باسیان لەوە كردبوو 93%ی لەشی سووتاوە و پلەی سووتانەكەشی زۆر بەرز بووە، بە هۆی ئەو زیانەی بەر گورچیلەكانی كەوتبوو، گیانی لە دەست دا.

دوای خۆسووتاندنی بێهزاد، ژمارەیەك لە پەناخوازان لە بەردەم بارەگای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر مانگرتنیان راگەیاند، تەنانەت بەیاننامەیەكیان دەركرد و لە هەشت داواكاریی جیاوازدا، داوایان لە بەرپرسانی un كرد ئاوڕی رژد لە پەناخوازانی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان بدەنەوە.

UN  هیچ وەڵامێكی روون و ئاشكرای بۆ داواكاری خۆپێشاندەران نەبووە، تەنانەت نوێنەری ئەنجوومەنی پەناخوازان و نوێنەری شەش پارتی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو رێكخراوە كۆبوونەوەیان هەبووە و بە هیچ ئاكامێك نەگەیشتوون.

یەكشەمی هەفتەی داهاتوو گەڕێكی تری كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی رێكخراوەكە دەبێت.


شۆڕش حاجی كە یەكێك بووە لە بەشدارانی ئەم كۆبوونەوەیە ئاماژەی دا، چەندان سەعات كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی UN  هەبووە، بەڵام بە هیچ دەرەنجامێك نەگەیشتوون و بڕیاریشە یەكشەمی هەفتەی داهاتوو گەڕێكی تری كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی رێكخراوەكە هەبێت.

لەبارەی درێژەدان بەو مانگرتنەی پەناخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بەردەم  UN، ئەو بەرپرسەی سازمانی خەبات روونی كردەوە، پێیان باش بووە كۆتایی بەو مانگرتن و خۆپێشاندانانە بێنن و پێیان وابووە زیانی بۆ ئاسایش دەبێت، لە كەناڵی نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی پەناخوازان و نوێنەرانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، سوور دەبن لەسەر ئەوەی بەدواداچوون بۆ ماف و داخوازییەكانی پەناخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكەن.

پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت، رێكخراوی unhcr هیچ بایەخێكی بە پەناخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان نەداوە، دۆسیەكانیانی نەجووڵاندووە و زیاتر لە دوو دەیەیە لە هەرێمی كوردستانەوە دۆسیە سیاسییەكانی یەكلا نەكردووەتەوە. رێكخراوەكە بۆ مانەوەی ئەو پەناخوازانەش هیچ مافێكی دیاری نەكردووە و سەرەڕای ئەوەی لە یارمەتی دارایی بۆ ئەو پەناخوازانە بڕاوەتەوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە پەناخوازان سوودمەند بوون.

چارەنووسی خۆیان و منداڵەكانیان ناڕوونە.

پەناخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە هۆكاری سیاسی مافی ئەوەیان نییە لە خوێندنی باڵا درێژە بە خوێندن بدەن، سەرەڕای ئەوەی كە لە رەگەزنامە و پاسپۆرت و زۆر لە مافە سەرەتاییەكان بێبەشن. هەندێك پەناخواز زیاتر لە چوار دەهەیە لێرەن، بەڵام چارەنووسی خۆیان و منداڵەكانیان ناڕوونە.


وشە - سلێمان تاشان