ئانیا حەبیب پەیكەرساز و شێوەكارێكی شاری مووسڵە و ماوەی 11 ساڵە لە هەولێر ژیان بەسەر دەبات. ئەو لە دیمانەی "وشە" باس لە كارە هونەرییەكانی دەكات، وێڕای گەڕاندنەوەی رەچەڵەكی خۆی بۆ بەرزنجییەكان، دەڵێ بە جلوبەرگی كوردی سەرسامە.
ئانیا حەبیب ئامانجی ئەوەیە لە كارە هونەرییەكانیدا بگاتە ترۆپك و خزمەتی زۆر بە بواری هونەر بكات. وەك خستیەڕوو "ناوەستم تا هەموو ئەو كۆسپ و تەگەرانە به سەركەوتوویی دەبڕم، بۆ ئەوەی خزمەتی هونەرەكەمی پێ بكەم. هەموو بوارێكی هونەریم خۆش دەوێ، زیاتر لە هەمووان حەزم بە بواری دیزاین بوو، بەداخەوە بە نسیبم نەبوو، بەڵام توانا و لێهاتووییم لە بوارەكانی تری هونەریش هەبوو، بۆیە بەشی شێوەكاری و پەیكەرسازیم هەڵبژارد، ئێستە لە كۆتا قۆناغی زانكۆم و لەو بەشەدا و پێشتریش بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەمان ئەو بەشەم لە پەیمانگە خوێندبوو."
ئانیا لەبارەی ژمارەی تابلۆ و پەیكەرەكانی ئاماژەی دا، ژمارەی تابلۆكان و ئەو پەیكەرانەی دروستی كردوون، گەلێك زۆرن و ناتوانێ بە ژمارە بیانخاتەروو، چونكە ماوەی نۆ ساڵە خەریكی ئەو كارەیە و زۆرترین كاتەكانی ژیانی بۆ كێشانی تابلۆ و كاری پەیكەرسازی تەرخان كردووە.
هەر كارێك مانایەكی تایبەت دەبەخشێ و هێمایەكی تایبەتی هەیە
ئەو لە حەوت پێشانگە بەشداری كردووە و وەك خۆی گوتی، هەر كارێك مانایەكی تایبەت دەبەخشێ و هێمایەكی تایبەتی هەیە، له هەمان كاتدا گوزارشت لە كارێكی جیاواز دەكات.
ئانیا بەشێكی تابلۆكانی بۆ ژن و پیاوانی كورد بە جلوبەرگی ڕەسەنی كوردی تەرخان كردووه و دەڵێت، "من بەگشتی زۆر حەز بە فۆلكلۆر و كولتووری نەتەوە جیاوازەكان دەكەم، بەتایبەت جلوبەرگ و كولتووری كوردی و عەرەبی و هیندی، بۆیە گرنگی زۆرم بەلایەنی كولتووری داوە و چەند تابلۆیەكیشم تایبەت كردووە بە وێنەی ژن و پیاوانی كورد كە بە جلی ڕەسەنی كوردی وێنەیانم كێشاون و لەلام زۆر سەرنجڕاكێشن."
هاوكات بەشێكی تابلۆكانی بەشێوەی ڕۆمانسی كێشاوە و جەستەی ژنانی بەشێوەی ڕووت یان نیمچەڕووت پێشان داوە. لە بەشێكی تری دیمانەكەدا دەڵێ، مەیلی ڕۆمانسیبوون و خەیاڵ لە تابلۆكانی بەدی دەكرێ، بۆ ئەوەش مەبەست و ئامانجی خۆی هەیە، ئەویش لەبەرئەوەی خۆی مرۆڤە و لەهەمان كاتیشدا لە ڕەگەزی ژنە، بۆیە ئەو مەیلە لە ڕۆمانسیبوونە لەخۆیدا بەدی دەكا كە هەڵقوڵاوی خەیاڵی خۆیەتی. هەروەها لەڕێی تابلۆكانی بەردەوام پشتگیری ژنان دەكا و هەمیشە هێزیان پێشان دەدات.
هەولێر/ محەمەد جەمال