هۆكاری ڕاستەقینەی مردنی كچێك لە سنووری ڕاپەڕین ئاشكرابوو

:: AM:08:42:30/05/2021 ‌
بەرپرسێكی پۆلیس ڕای دەگەیەنێت، كچێكی تەمەن 30 ساڵ كەوتووەتە ناو حەوزی ئاو، لە كاتی ڕووداوەكەشدا كەس لێی نزیك نەبووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 30ـی ئایار، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە گوندی بێشیر سەر بەشارەدێی هێرۆی سەر بە شارۆكەی  قەڵادزێ، كچێكی / 30 ساڵ/ لەسەر حەوزێكی ئاو لەكاتی شووشتنی جلدا كەوتووەتە ناو ئاوەكە و خنكا.

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، ڕووداوەكە بەدیاریكراوی سەعات 10ـی شەو بوو، تەرمی كچەكە بەناوی "ب. س . ئـ" لە دایكبووی ساڵی 1991 كە كچی ماڵ بووە، گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ.

سەرقاڵی شووشتنی جلەكانی بووە و دواتر كەوتووەتە ناو ئاوەكە
ڕوونی كردەوە، بەگوتەی باوكی كچەكە، لە تەنیشت حەوزێكی ئاودا سەرقاڵی شووشتنی جلەكانی بووە و دواتر كەوتووەتە ناو ئاوەكە و خنكاوە، لەوكاتەدا خۆی لە مزگەوت بووە و دایكیشی نوێژی خەوتنانی كردووە.

باسی لەوەش كرد، دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە، تەرمی كچەكەش ڕادەستی كەسوكاری كراوەتەوە.



وشە - رامیار جەواد