مستەفا چاڵاوی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جێگری سكرتێری ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، لە چاوپێكەوتنی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر پێوەندییەكانی نێوان پارتی و حزبەكەی و دەڵێت، پێوەندییەكان نەگەیشتوونەتە بنبەست، بەڵام باشیش نین، پێشی وایە یەكێتی و پارتی ئەو دوو حزبەن كە پێكەوە كاری باشیان كردووە و پێكەوەش دەتوانن خزمەتی میلەت بكەن.
دۆخی ئەمڕۆی كوردستان و پێوەندییەكانی لایەنە سیاسییەكان چۆن دەكرێ بەرەو باشتر بچێت؟
پێمان وایە یەكڕیزی و تەبایی هێزە سیاسییەكان بۆ ئەو دۆخە زۆر گرنگە و دەتوانرێ كۆتایی بە گرفتەكان بهێنێت، هەروەها باشبوونی مووچە و بژێوی هاووڵاتییان، ئەو دوو خاڵە زۆر گرنگە بۆ ئەو قۆناغەی ئێستە كاری لەسەر بكرێت. ئەگەر ئەو یەكڕیزییە هەبێت، دەتوانرێ رووبەڕووی كێشە و گرفتەكان ببینەوە. بەو جۆرە دەتوانین رووبەڕووی تەحەدیات و كێشە و گرفتەكان ببینەوە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی دەرەوە، دەتوانین بەرانبەر بە بەغدا بەهێز بین. ئێستە دۆخی عێراق باش نییە و چەندان كێشە و گرفت هەیە و لە ناوخۆشدا بەدوور نین لە گرفت، بۆیە تەبایی و یەكڕیزی باشترینە بۆمان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە.
باشبوونی پێوەندییەكانی ئێمە و پارتی لەوەدایە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشین و لەسەر هەموو ئەو شتانە رێك بكەوین
چی بكرێت بۆ ئەوەی پێوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی ئاسایی ببنەوە؟
باشبوونی پێوەندییەكانی ئێمە و پارتی لەوەدایە پێكەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشین و لەسەر هەموو ئەو شتانە رێك بكەوین كە هەن، ئەو شتانە مەبەست ئەوانە نییە كە بۆ یەكێتی و پارتین، بەڵكو مەبەستمان ئەوەیە چی باشە بۆ میلەت و خزمەتی هاووڵاتییان، هەروەها ئەوەی كە باشە بۆ ئارامی و سەقامگیری و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان بیكەین و خەڵك لەو دڵەڕاوكێیە رزگار بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی كوردستان داوای یەكڕیزی و تەبایی و تەناهی و ئاسایشمان لێ دەكەن.
وەك یەكێتی ئامادەن لەگەڵ پارتی دابنیشن بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكەن؟
بەڵێ بە دڵنیاییەوە هەمیشە ئامادە بووین و دەستپێشخەریشمان كردووە، دەتوانین بڵێین زۆرجار قوربانیمان داوە بۆ ئەوەی ئاشتی و تەبایی و یەكڕیزی هەبێت تا خزمەتی هاووڵاتییان بكەین.
پێوەندی ئێوە لەگەڵ پارتی لە چ ئاستێكدایە؟
پێم وانییە پێوەندییەكانمان زۆر گرژبن، بەڵام زۆر رێكیش نین، پێویستمان بە رێكخستن هەیە، لە سەردەمی مام جەلالیش قوربانیمان داوە لە پێناو یەكڕیزی، پارتیش نابێ بیر لەوە بكاتەوە كە بەهۆی زۆریی كورسییەكانی خۆی بكات بە حاكمی كوردستان و گوێ لە حزب و لایەنەكان نەگرێت و هەرچی بوێ بیكات.
بەڵام پارتی دەڵێ بەو شێوازە كارمان نەكردووە و حیسابی كورسییان نەكردووە، بەڵكو حیسابیان بۆ خەبات و مێژووی یەكێتی كردووە؟
ئەگەر بەو شێوازە بێ پێم وانییە یەكێتی شێت بووبێت و بەدڵی نەبێ، پێمان وایە پارتی لە بەرژەوەندیی خۆی كار دەكات، یەكێتی خاوەن خەباتە و هێزێكی كاریگەرە و ناكرێ بەهۆی كەمی كورسییەكان بە چاوی كەم سەیر بكرێت، بۆ ئەوەی یەكڕیز بین، پێویستە كاری پێكەوەیی بكرێت.
هەموو هێزەكان پێویستیان بەوە هەیە پێكەوە كار بكەن بۆ ئەوەی خزمەت بە خەڵكی كوردستان بكەن
پێت وانییە كاتێك پارتی و یەكێتی زیاتر هاوكاری یەكتریان كردبێت، باشتر توانیویانە لە بەرژەوەندیی خەڵكدا هەنگاو بنێن؟
دڵنیام هەموو هێزەكان پێویستیان بەوە هەیە پێكەوە كار بكەن بۆ ئەوەی خزمەت بە خەڵكی كوردستان بكەن، یەكێتی و پارتیش دوو هێزی سەرەكی كوردستانن، لەبەرئەوە ئەگەر تەبا و رێك بن بۆ هەموو كارەكان و بە بەرنامە كار بكرێت، زۆر باشتر دەتوانن خزمەتی خەڵك بكەن و ئاسایش زیاتر دەبێت و پێوەندییەكانیش بە شێوەیەكی باشتر رێك دەخرێتەوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی