خواردنی دووگ سوودبەخشە یان زیانبەخش؟

:: AM:09:56:09/06/2021 ‌

یەکێک لەو خواردنانەی ئێستە لە هەرێمی کوردستان گرنگی پێ دەدرێت دووگە، بەتایبەت ئەوانەی کێشیان زۆرە, دەیخۆن بۆ ئەوەی کێشیان کەم بکەنەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە خواردنی دووگ بەسوودە یان زیانبەخشە؟ پزیشکێکی پسپۆڕ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

دکتور ڕێباز تاهیر عومەر، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک و چارەسەرکردنی قەڵەویی، بۆ ''وشە'' ئاشکرای کرد، دووگ خواردنێکی سەرەکی مرۆڤ بووە، چونکە وزەی زۆری تێدایە و بۆ هەر گرامێک نۆ کالۆری لەخۆ دەگرێت، بەگشتی دوو جۆر سەرچاوەی چەوری هەیە، سەرچاوەی رووەکی و سەرچاوەی ئاژەڵی، دووگیش چەورییەکە کە ڕێژەیەکی زۆر کۆلسترۆڵ لەخۆ دەگرێت کە چەورییەکی زیانبەخشە بەتایبەت لە سەردەمی ئێستەدا.

پزیشکێکی پسپۆڕی خۆراک ئەو گرێیە دەکاتەوە کە ئایا دووگ بەسوودە یان زیانبەخشە

ئەو پێێ وایە، جگە لەو کەسانەی سیستمی خۆراکی ''کیتۆ'' بەکاردەهێنن، باش نییە کەسانی تر دووگ بخۆن، بەتایبەتیش ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی وەک بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و نەخۆشی دڵیان هەیە، نابێ هەر دووگ بخۆن.

پزیشکەکە، هۆشیاریی ئەوەیش دەدات کە هاوشێوەی کەسانی نەخۆش بۆ کەسانی ئاساییش کە نەخۆشییان نییە زیانبەخشە، بەجۆرێک قەڵەویان دەکات و کۆلیستڕۆلی زیانبەخش لە جەستەیاندا زیاد دەکات، بەمەیش وردە وردە تووشی نەخۆشییەکانی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، نەخۆشی دڵ، شەکرە و جەڵتەی دڵ و مێشک دەبێت.

خواردنی دووگ، مشتومڕێکی زۆری لە نێو خەڵکدا هێناوەتە کایەوە، بەشێوەیەک کەسانێک دەڵێن بەسوودە و کەسانێکیش دەڵێن زیانبەخشە، بەڵام راستی بابەتەکە ئەوەیە کە لە سیستمی خۆراکی ''کیتۆ'' سوودێکی زۆری هەیە و جێگرەوەی شەکرە بۆ وزە، بەڵام جیا لەوە خواردنی باش نییە و زیانبەخشە بۆ جەستە.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان