"یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.. هەنگاوێكی مێژوویی و پێویستییەكی نیشتمانی"

:: PM:09:14:10/06/2021 ‌

بە بریاری سەرۆك بارزانی یەكەی 80، كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە، خرایە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم. بڕیارەكە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەدرێت. خەڵكی كوردستان بەو هەنگاوە دڵخۆشن، سەرۆك بارزانیش دڵنیایی بەوان دەدات كە هەنگاوی گرنگتر و گەورەتر دەنرێ بۆ پاراستن و گەشەسەندنی كوردستان.

لەوبارەوە جەنگیز ئاوەكەڵەیی، ئەندامی مەكتەبی پێوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی گوت، هەوڵەكانی یەكڕیزی و رێكخستنەوە ناوماڵی هەرێم لە سەرتای سەرهەڵدانی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی كوردستان، یەكێك لە ئامانجەكانی كۆدەنگی و یەكڕیزی بووە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرەیەكی فراوانی نیشتمانی و نەتەوەیی دروست بكات، لەو رێگایەیشەوە بە ئامانجە گەورەكەی بگات كە رزگاری یەكجارەكی خاك و گەلی كوردستانە.

زیاتر گوتی، بێگومان ئەم ئامانجە بێ بەربەست نەبووە و هەمیشە نەیاریی دەركی هەبووە و داگیركەرانی كوردستان هەوڵی دروستكردنی ناكۆكیان داوە و بەردەوام گوشاریان كردووە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان كێشەی ناوخۆیی هەبێ و پێوەی سەرقاڵ بێ و نەتوانێت بە ئاواتەكانی بگات.
با هەموو هێزەكان بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دروستبوونی سوپایەكی نیشتمانی و هەوێن بۆ سەربەخۆیی
ئەو بەرپرسەی پارتی روونی كردەوە، پارتی هەر لە دامەزراندنییەوە بە رابەرایەتی جەنەڕاڵ مەلا مستەفای بارزانی هەوڵی رێكخستن و كۆدەنگی ناوماڵی كوردستانی داوە، پێی وا بووە گەلی كوردستان خاوەنی كومەڵگەیەكی فرەئاینی و مەزەوی و نەتەوەییە، بۆیە دەبێ رێز لە هەموو جیاوازییەكان بگیرێ و ئاسایشیان بۆ دابین بكرێت، تا هەموو كەسێك بە ئاشتیانە مومارەسەی ماف و ئازادییەكانی بكات.
 
ئاماژەی كرد، لەم روانگەوە هەوڵی بەردەوامی داوە و هەمیشە بە باوەڕی تەواوەوە كاری بۆ یەكڕیزی و رێكخستنەوەی كردووە بۆ ئەوەی مافە زەوتكراوەكانی گەلی كوردستان بە دەست بێنێتەوە و پاراستنی ناسنامەی كوردستانی بە ئەركی خۆی زانیوە، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو سەرۆك بارزانی و جوانەمەرگ ئیدریس بارزانی، بوونە ئەندازیاری دامەزراندنی بەرەی كوردستانی و یەكخستنی سەنگەری بەرگریی كوردستان، پاشان راپەڕینی جەماوەری ساڵی 1991 و دامەزراندنی حكوومەت و پەرلەمان و داودەزگاكانی دەوڵەت تا گەیشتن بەو ئەزموونەی ئەمڕۆ.

"ئێستەیش كە دنیا بەگشتی و ناوچەكە بە تایبەتی بە قۆناغێكی هەستیار و پڕ مەترسیدا گوزەر دەكات، سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە سەرۆكایەتی حكوومەت و هەرێمی لایە، وەك هەمیشە دەستپێشخەرن بۆ دووبارە رێكخستنەوە و بەهێزكردنی داودەزگاكانی دەوڵەت، بە ئامانجی یەكڕیزی و كۆدەنگی تا گەلی كوردستان بتوانێ پارێزگاری لە ئەزموون و خاكی خۆی بكات و باشترین خزمەت بە دانیشتووانی كوردستان بكات"، جەنگیز ئاوەكەڵەیی وای گوت.

دووپاتی كردەوە، لەگەڵ ئەوەی ئێمەی كوردستانیان لە 30 ساڵی رابردوودا بە چەند قۆناغێكی دژواردا تێپەڕیوین و هەوڵ و گوشاری دەرەكی بۆ لێكترازان و زەقكردنەوەی ناكۆكیی سیاسی لە هەرێمی كوردستان هەبووە بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونە سەركەوتووە لەدەست بدەین، نەیاران باش دەزانن بە یەكڕیزیی دەتوانین ماف و خاك و گەلی كوردستان ئازاد و سەربەست بكەین.

"لە ماوەی رابردوودا سەرۆك بارزانی و پارتی دەستپێشخەر بوون بۆ یەكخستنەوەی دوو ئیدارە و پێكهێنانی حكوومەتێكی یەكگرتووی كوردستانی، كە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری بەسەر تەواوی جوگرافیای كوردستان هەبێت، بێ گومان ئەوە بێ بەربەست نەبووە و نابێت، ئێمەیش دەستبەردار ئەو ئامانجە نابین و پشتیوانی تەوای سەرۆك بارزانی و سەروكی هەرێم و حكوومەت هەرێم دەكەین لە هەوڵەكانیان بۆ یەكڕیزی و چاكسازی. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە دوایین بڕیاری سەرۆك بارزانییە بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و رێكخستنی یەكەی 80 لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، كە ساڵانێكی زۆرە كاری لەسەر دەكرێ و هیوادارم لایەنەكانی تریش هەمان بڕیار بدەن، بەتایبەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان"، جەنگیز ئاوەكەڵەیی، ئەندامی مەكتەبی پێوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان وای گوت.

هەر لەو بارەوە رائید سەردار مالومەیی، فەرماندەی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە "وشە"ی گوت، بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی هەوڵێكی گەورە و مێژووییە، كە  هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ ئاشتی و تەبایی و قوربانی بە خۆیی و حیزبەكەی داوە بۆ دروستبوونی یەكڕیزی و پێكەوەیی، ئێمە كە پێشتر لە یەكەی 80 بووین، هیچ كاتێك لە ژێر ركێفی حیزب و كەس و هیچ بەرپرسێكدا نەبووین و كەس نەیتوانیوە بەكارمان بێنێ بۆ مەبەستی سیاسی و كەسی خۆی جگە لە سەرۆك بارزانی نەبێت، كە فەرماندەی هەموو هێزە چەكدارەكانی كوردستانە.

زیاتر گوتی، هیچ كاتێك هەستمان نەكردووە كە هێزێكی حیزبین و هەموو كات وەك هێزێكی نیشتیمانی و نەتەوەی سەرۆك بارزانی ئاراستەی كردووین لە بەرژەوەندی خاك و نیشتمان و وڵاتدا. بۆیە سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكەین لە رابردوو ئێستە كە بە بریارە مێژووییەكەی دەسپێشخەر بوو بۆ تەبایی و یەكگرتنەوەی هێزی پێسمەرگە و دروستكردنی هێزێكی نیشتیمانی.

ئەو فەرماندە سەربازییە ئاماژەی كرد، هیوادارم هەموو حیزبەكان وەك سەرۆك بارزانی دەستبەجێ بریار بدەن لەبارەی هێزەكانیانەوە و بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، وەك یەكێتی و حیزب و سۆسیالیست و ئەوانی تریش كە هێزی نانیشتمانیان هەیە، بۆ ئەوەی سوپا و هێزێكی نیشتمانی و یەكگرتوومان هەبێت و شانازی پێوە بكەین و ببێتە هەوێنی یەكریزی و دروستبوونی وڵات و سەربەخۆیی.

شارەزوور/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل