وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانی بۆ پەرلەمان، بە پەرلەمانتارانی گوت، كارەكانی یاسای چاكسازی زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن و 10 هەزار مووچەی ناشایستە وەستێنراون.
ئەمڕۆ دووشەم 14ـی حوزەیران، پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان كە نەیویست ناوی بهێنرێ ، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەزیری دارایی و ستافەكەی زانیاریی تەواویان لەسەر قۆناغەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی پێشكەش كردین.
خانەنشینی وەزیری و پلەباڵاكان لەو مانگەوە خەرج دەكرێ، بەڵام بەپێی یاسای چاكسازی
زیاتر گوتی، وەزیری دارایی پێی ڕاگەیاندین 10 هەزار مووچەخۆری دووبارە هەبووە، سەرجەمیان وەستاون، هەروەها بۆ وەزیری و پلەباڵاكان ئێستە یاسای چاكسازی جێبەجێ دەكرێ.
ڕوونی كردەوە، خانەنشینی وەزیری و پلەباڵاكان لەو مانگەوە خەرج دەكرێ، بەڵام بەپێی یاسای چاكسازی و مووچەی خانەنشینییەكەیان، زۆر كەم كراوەتەوە.
باسی لەوەش كرد، پەرلەمانتاران داوای ڕاپۆرتی سێیەمی یاسای چاكسازییان كردووە كە چۆن جێبەجێ كراوە و چی كراوە، بڕیارە بەمنزیكانە بگەیەنرێتە پەرلەمان.