لێبوردنی نێودەوڵەتی: پێویستە رەئیسی بە تۆمەتی تاوان دژی مرۆڤایەتی دادگایی بكرێت

:: PM:03:08:19/06/2021 ‌
سەعاتێك دوای راگەیاندنی ئەنجامی سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای كرد ئیبراهیم رەئیسی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی دادگایی بكرێت.

دەرەنجامی هەڵبژاردنی ئەم خولەی سەرۆكایەتی ئێران راگەیەنرا و ئیبراهیم رەئیسی زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە و جێی حەسەن رۆحانی دەگرێتەوە. 
بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی و كوشتنی بە ناحەقی خەڵك و ئەشكەنجە و دەیان تاوانی تر لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت

ئەنی یەس كالامار سكرتێری گشتی رێكخراوەكە، سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەربڕیوە ئیبراهیم رەئیسی لە جیاتی ئەوەی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی و كوشتنی بە ناحەقی خەڵك و ئەشكەنجە و دەیان تاوانی تر لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت، بووەتە سەرۆك كۆماری ئێران.

ئیبراهیم رەئیسی هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە، لە دادگاكانی ئەو وڵاتە پۆستی باڵای دادوەری هەبووە و دواین جار لە پۆستی سەرۆكی دەزگای دادوەری ئێراندا بووە كە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار پاڵێورا.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، ئەو یەكێك بووە لە ئەندامانی دەستەیەك كە دواتر بە دەستەی مەرگ ناسێنرا و لە ساڵی 1988 بە بێ دادگاییكردن فەرمانی سێدارەدانی هەزاران كەسی دەركرد.

ڕۆژی هەینی 18ی حوزەیرانی 2021، ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و ئەنجوومەنی شوورای شار و گوندەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو، بەھۆی كەمی بەشداران لە پرۆسەی دەنگدان، ماوەی دەنگدان سێ جار درێژ كرایەوە و تا سەعات دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەرگای بنكەكانی دەنگدان واڵا بوو. لە كۆی 80 ملیۆن هاووڵاتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنیا 59 ملیۆن كەس مافی بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارییان هەبوو، دەگوترێ 28 ملیۆن و 400 هەزار كەس بەشداریان كردووە كە نزمترین ژمارەی بەشداریكردنی هەڵبژاردنە لە مێژووی كۆماری ئیسلامی تۆمار دەكرێت.

بەشداری كوشتنی سەدان چالاكی سیاسی كورد و ئازەر و بەلووچ و نەتەوەکانی تری كردووە


ئیبراهیم ڕەئیسی ساڵی 1960 لە خێزانێكی بەناوبانگی ئاینی مەشهەد لەدایك بووە، باوك و باپیری مامۆستای حەوزەی مەشهەد و قوم بوون، لە تەمەنی 15 ساڵیدا ڕەئیسی دەچێتە حەوزەی قوم لەسەر دەستی ئایەتوڵاكانی وەك مشكێنی و هەمەدانی و نەكرانی و موجتەبای تارانی و مەرعەشی نەجەفی و خامنەیی وانە دەخوێنێت، لە ڕووی ئەكادیمیشەوە بەكالۆریۆسی لە یاسا و ماستەری لە یاسایی نێودەوڵەتی و دكتۆرای لە مافی تایبەتدا هەیە، مامۆستای زانكۆ و حەوزەی قوم بووە، لە ڕووی كاری سیاسی حكوومیشەوە ساڵی 1985 لە تەمەنی 25 ساڵیدا دەكرێتە جێگری داواكاری گشتی تاران، لە ساڵی 1988 جێگری خاڵخاڵانی سەرۆكی دادگایی پشكنین بووە، بەشداری كوشتنی سەدان چالاكی سیاسی كورد و ئازەر و بەلووچ و نەتەوەکانی تری كردووە، ساڵی 1989 دەكرێتە داواكاری گشتی لە تاران، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایان بووە و ساڵی 2004 بۆ 2014 جێگری سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بووە، ساڵی 2014 بۆ 2016 داواكاری گشتی ئێران بووە. ساڵی 2016 بۆ ماوەی سێ ساڵ تا 2019 كرایە سەرۆكی ئابووری قودسی ڕەزەوی، لە ناوەڕاستی ساڵی 2019  كرایە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران.



وشە - سلێمان تاشان