هەڵمەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ سەر كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی فرەوان و بەگشتی بوو، وای لێ هاتووە ئەوانەی تووشیشی نەهاتوونەتەوە، گومان هەبێ كە رۆژێك لە رۆژان تووشی هاتوون، بەڵام بە سووكی گرتوویانە، حاڵەتێك هەیە پێی دەگوترێ هەلوەسەی بۆنكردن، كە تیایدا بۆنێك دەكەی كە بوونی نییە و تەنیا خۆت بۆنی دەكەیت، ئاخۆ پێوەندی بە كۆرۆناوە چییە؟
تا ئێستە تەلیسمەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە تەواوەتی ئاشكرا نەبوونە، بەتایبەتی كاریگەرییە بەردەوامەكانی بۆ سەر تووشبووان، رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"، ئاماژە دەكات، ژمارەیەك هاووڵاتیی ئەمەریكا كە لە پەتاكە چاك بوونەتەوە، تووشی حاڵەتێك بوونە پێی دەگوترێ هەلوەسەی بۆنكردن فانتۆسمیا یان "پاروزمیا"، بەڵام راستی پێوەندییان بە كۆرۆناوە چییە؟
د. ئەمجەد خولی، راوێژكاری پەتازانی لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، هەلوەسەی بۆنكردن یەكێكە لە شێوانەكانی هەستی بۆنكردن، كاتێك ئەو كەسە چەند جۆر بۆنێك دەكات كە لە دەورەبەرەكەی بوونیان نییە، ئەو جۆرە بۆنەیش لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە و رەنگە تووشی یەكێك لە كونەكانی لووت بێتەوە یان هەردووكیان و بە شێوەی پچڕ پچڕ دەردەكەوێ و ون دەبێت.
دوای تووشبوون بە كۆرۆنا دەردەكەوێت، چونكە ڤایرۆسەكە زیان بە گۆپكەكانی چەشتن دەگەیەنێت
زیاتر گوتی، هەلوەسەی بۆنكردن كاتێك روودەدات كە بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسەدان یان سەر تووشی هەوكردن دەبنەوە، رەنگە بەهۆی هەوكردنی كەلێنەكانی لووت یان بەشێكی مێشك یان بوونی گرێ لە مێشك یان نەخۆشی پاركنسۆنەوە دروست ببێت، ئەو پزیشكە دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئێستە دەرنەكەوتووە كە ئەو حاڵەتە لە نیشانەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا بێت.
لەوكاتەی كارل فیلبووت، مامۆستا لە كۆلێجی پزیشكی نۆرویچ دەڵێت، حاڵەتی فانتۆسمیا یان هەلوەسەی بۆنكردن، لەوانە باوە كە هەوكردنی بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسەیان هەیە و بە لەدەستدانی هەستی بۆنكردن دەست پێ دەكات، لە حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەو حاڵەتە دەردەكەوێت، چونكە زیان بە گۆپكەكانی چەشتن دەگەیەنێت، كە لەگەڵ هەستە وەرگرەكانی لووت كار لەسەر هەستی بۆنكردن دەكەن.
جیا لەوەی هەندێك بەڵگەی سەرەتایی هەیە بەوەی ڤایرۆسەكە كار دەكاتە سەر ناوچەی پێوەست بە بۆنكردن لە مێشك و دەبێتە هۆی دەركەوتنی كاریگەریی درێژخایەن، روونی كردەوە، رۆژانە نەخۆشی وا دەبینێت بەدەست بۆنكردنی شتی خەیاڵییەوە دەناڵێنن، ئەوەیش دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
لەبارەی چارەسەری ئەو حاڵەتە، ئەو پزیشكە روونی كردەوە، چارەسەری هەیە بۆ زوورزگاربوون لەو حاڵەتە لەوانە تەكنیكی دووبارە چاككردنەوەی هەستی بۆنكردن، وەك چارەسەری سروشتی لووت، ئەوكاتەی دەفرێك دەخرێتە پێش نەخۆشەكە، كە كاغەزی وایان تیادایە بە چەند جۆرە بۆنێكەوە تێر كراون، وەك بۆنی قەنەفر و لیمۆ و گوڵەباخ، ئەوان رۆژانە دووجار بۆنی دەكەن، ئەوەیش یارمەتی هاندانی وەرگرەكانی بۆنكردن لە لووتیان دەدات بۆ زووچاكبوونەوە.