له‌گه‌ڵ زیادبوونی ته‌مه‌نی ئۆتۆمبێل كێشه‌ی جیاوازی تێدا ده‌رده‌كه‌وێت، یه‌كێك له كێشه باوه‌كانیش دروستبوونی ھه‌ڵمی ڕۆنه كه پێشی ده‌گوترێ ''بوخار''.
له‌مباره‌یه‌وه كاروان ڕه‌زا شاره‌زای میكانیك و رۆنگۆڕ، به ''وشه''ی ڕاگه‌یاند، ڕۆنی بزوێنه‌ر كاری ئه‌وه‌یه ھێزی لێكخشاندن له نێوان پارچه جووڵاوه‌كانی بزوێنه‌ره‌كه كه‌م بكاته‌وه، كاتێكیش بزوێنه‌ریش به‌ھۆی زۆریی ته‌مه‌نی یان زۆر به‌كارھێنان یان توند به‌كارھێنانی، پستۆنه‌كانی لاواز ده‌بێت و توانای نامێنێت به‌سه‌ر ته‌واو داخستن و كردنه‌وه یان زوو وه‌رگرتنی تێكه‌ڵه‌ی به‌نزین و ھه‌وا و ده‌ركردنی دووكه‌ڵ نامێنێت، به‌وه‌ش كه‌مێك له دووكه‌ڵه‌كه له پستۆنه‌كانه‌وه دزه ده‌كات و تێكه‌ڵ به كێسی ڕۆن ده‌بێت، شكان و درزی پستۆن یان رینگیش ھه‌مان كێشه دروست ده‌كات و ده‌بێته هۆی بوخاركردن.
ئەم شارەزایە دەڵێ، بەمشێوەیە بوخارکردن دەناسیتەوە:
یه‌كه‌م - ئه‌گه‌ر بزوێنه‌ر گه‌رم بێت و سه‌ری ڕۆنی بزوێنه‌ره‌كه بكه‌یته‌وه، ھهڵمێكی توندی لێ دێته ده‌ره‌وه كه چاو ده‌كزێنێته‌وه و به ئاسانی له ڕۆژدا ده‌بینرێت.
دووه‌م - دووكه‌ڵی ئهكزۆزیش زیاد ده‌كات و به ئاسانی له‌گه‌ڵ به‌نزین پێدانێكی كه‌م ده‌بینرێت.
سێیه‌م - ئه‌گه‌ر ئاوی رادێته‌ره‌كه ته‌ماشا بكه‌یت، ھه‌ست ده‌كه‌یت كه‌مێك چه‌وره.
چواره‌م - له خێراییه ئاساییه‌كاندا ھه‌ست ده‌كه‌یت توانای جارانی نییه، ده‌نگی بزوێنه‌ر به‌رزه، به‌ڵام رۆیشتنه‌كه‌ی باش نییه.
ئەی چۆن خۆمان لە بوخارکردنی ئۆتۆمبێل لێ بپارێزین؟
یه‌كه‌م - باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئۆتۆمبێله‌كانمان له به‌كارھێنانی توند بپارێزین، چ خێرایی زۆر یان كێشی زۆر، كه‌واته فشارێكی نه‌خه‌ینه سه‌ر كه له‌و مه‌به‌سته‌ی بۆی دروست كراوه زیاتر بێت.
دووه‌م - ڕۆنی خراپی تێنهكهین، یان نه‌ھێڵین ڕۆنه‌كه‌ی كۆن ببێت.
سێیه‌م - ئه‌گه‌ر چاككردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامیش بكه‌ین بۆ ئه‌و پارچانه‌ی كه كۆن بوون، به‌ڵام كاری خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌وا باشتره و ته‌مه‌نی بزوێنه‌ره‌كه درێژ ده‌كاته‌وه.