هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئەرمینیا دەستی پێ كرد

:: AM:09:41:20/06/2021 ‌
هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئەرمینیا دەستی پێ كرد، لەو هەڵبژاردنەشدا چارەنووسی نیكۆڵ پاشینیان یەكلا دەبێتەوە لەوەی دەتوانێ جارێكی تر درێژە بە دەسەڵاتەكەی بدات یان نا.

ئەرمینیا لە كاتێكدا هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات كە ئەو وڵاتە لەسەر پرسی قەرەباغ لەگەڵ ئازەربایجان تووشی جەنگ بوو، لەو جەنگەشدا شكستی خوارد و بەشێك لە خاكەكەی لە دەست دا.

لەسەر ئەو شكستە رەخنەیەكی زۆر لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەوە ئاراستەی پاشینیان كراوە، نیكۆڵ بە هۆكاری سەرەكی شكست دانراوە، بۆیە لەم هەڵبژادنەدا چارەنووسی پاشینیانیش یەكلا دەبێتەوە.

دوای جەنگەكە و مۆركردنی پەیمانی ئاشتی نیكۆڵ پاشینیان، دەست لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵگرت و بەپێی یاساكانی ئەو وڵاتەش، وەك سەرۆك وەزیرانی كاتیی درێژەی بە دەسەڵات دەدا.
دوو ملیۆن و 600 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە
 
بەگوێرەی یۆرۆنیوز، لە ئەرمینیا دوو ملیۆن و 600 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، 21 حزب لە هەڵبژاردندا بەشدارن و دەیانەوێ زۆرترین كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكەن.

پارتەکەی پاشینیان لە ساڵی 2018 بە ناوی پەیمانی مەدەنی بەو ئامانجە دەسەڵاتی وەرگرت گەندەڵی بنبڕ بکات بەڵام جەنگ نەیهێشت ئامانجەکەی بەدی بهێنێت.

ركابەری سەرەكی پاشینیان، سەرۆك كۆماری پێشووی ئەو وڵاتەیە كە ناوی رۆبێرت كۆچاریانە. پاشینیان بەرگری لە پەیمانی ئاشتی قەرەباغ دەكات و پێی وایە ئەو پەیمانە وایكردووە تەواوی ناوچە جێناكۆكەكانی قەرەباغ نەكەوێتە دەستی ئازەربایجانەوە.


وشە - سلێمان تاشان