لە رانیە كڕین و فرۆشتن بەموڵكی حكوومەت دەكرێت

:: PM:12:02:20/06/2021 ‌
بەپێی چەند نووسراوێك لە رانیە كڕین و فرۆشتن بە موڵكێكی زۆری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكرێت، حكوومەتیش بۆ بەدواداچوونی ئەو موڵكانە لیژنەی پێكھێناوە .  

یاسین خدر تەھا پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان، یاداشتێكی داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، تێیدا داوای كردووە ئاراستەی لایەنە پێوەندیدارەكان بكرێت، لەبارەی ئەو شوێن و زەوییە حكوومییانەی رانیە كە ئاماژەی پێ كردووە، بەڵام هەرزانفرۆش دەكرێن.

موڵكەكان بە نرخێكی هەرزان دراونەتە بازرگانان بۆ ئەوەی وەبەرهێنانیان تێدا بكرێت


بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، موڵكەكان بە نرخێكی هەرزان دراونەتە بازرگانان بۆ ئەوەی وەبەرهێنانیان تێدا بكرێت، لە هەندێك شوێنیش دەست بەسەر موڵكەكەدا گیراوە و بە نرخێكی زۆر كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت.

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش نووسراوێكی لەمبارەیەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی بابەتەكە بكەن و كاری پێویست ئەنجام بدەن .

هاوكات وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش داوای لە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كردووە، لیژنەیەك پێكبێنن و بەدواداچوون بۆ قوتابخانەی رانیەی ئاكۆ ماكۆك و دوو ھۆڵی پەروەردە بكەن، تەواوی زانیارییان پێ بدەن كە ئێستە ئەو شوێنانە بۆ چ مەبەستێك و لەلایەن كێ بەكار دەھێنرێن و جگە لە پەروەردە، نابێت بۆ ھیچ مەبەستێكی تر بەكار بھێنرێن.

ئەو زەوی و باڵەخانایانەی رانیە كە كاری كڕین و فرۆشتنیان پێ دەكرێت ئەمانەن:

١_ قوتابخانەی رانیەی ئاكۆ و ماكۆك
٢_دوو ھۆڵی پەروەردە
٣_قەسابخانەی رانیەی كۆن
٤_بینای ڤێتێرنەری كۆن
٥_بناری عاجیلە تا دەگاتە كلكەكۆڵین
٦_ زەوییەكانی چوارقوڕنە و ئەسیلان
٧_ پشت جادەی شەستی
٨_ رێی دەربەند
٩_ بناری كێوەڕەش
١٠_ زیاتر لە ٤١ھەزار  مەتر زەوی دابەش كراوە لە باشترین شوێنی رانیە بە مەبەستی وەبەرھێنان، بەڵام زەوی ھەیە چەندان جار كڕین و فرۆشتنی پێ كراوە.

هەولێر/بڵند ئیبراھیم  





وشە - سلێمان تاشان