دڵشاد کاوانی دووه‌م كتێبى چاپ و بڵاو دەكاته‌وه‌

:: AM:10:01:02/07/2021 ‌
بڕیاره‌ کتێبی (نۆبەرەی مەرگم دیت) كه‌ براوەی خەڵاتی یەکەمی چیڕۆکی فیستیڤاڵی ماڵی کتێبه‌، وەک دووەمین کتێبی چاپکراوی چیڕۆکنووس و ڕۆماننووس دڵشاد کاوانی، لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری ماڵی کتێب چاپ و بڵاو بکرێتەوە.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى دووى ته‌مووز، دڵشاد کاوانی چیڕۆکنووس و ڕۆماننووس به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، "کتێبی (نۆبەرەی مەرگم دیت) براوەی خەڵاتی یەکەمی چیڕۆکی فیستیڤاڵی ماڵی کتێبه‌، وەک دووەمین کتێبی چاپکراوم لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری ماڵی کتێب چاپ و بڵاو ده‌کرێتەوە."

ڕوونى كرده‌وه‌، "لە ماوەیەکی نزیک دا لە کەرنەڤاڵێکی تایبەتی ئەدەبیدا لە هەولێر دەکەوێتە بەردیدی خوێنەرانی.  (نۆبەرەی مەرگم دیت)  لە بیست و سێ کورتە چیڕۆک پێکهاتووە. کە خۆی لە 117 لاپەڕە دەبینێتەوە. لە لایەن شۆڕش غەفوری دیزاینی بەرگ و ناوەڕۆکی بۆ کراوە."

ئاشكراى كرد، "لە ساڵی 2019 کتێبەکە خەڵاتی یەکەمی چیڕۆکی فیستیڤاڵی ماڵی کتێبی لە هەولێر بەدەست هێنا. سەرجەم چێڕۆکەکانی ناو کتێبەکە، بە شێوە و تەکنیکی جیاوازەوە نووسراون. زۆربەی چیڕۆکەکانی ناو کتێبەکە براوەی یەکەم و باشترینی خەڵاتە ئەدەبییەکانی کوردستانن، لەوانە چیڕۆکی پیاوێکی ڕووت، تارای بووکی ئاشتی، دوانزەهەزارەمین بیرەوەری دوورترین شەوی دونیا، ئیمپڕاتۆریای ژن، نۆبەرەی مەرگم دیت."

دڵشاد کاوانی نووسەری کتێبەکە ڕاشى گەیاند، کەوا (نۆبەرەی مەرگم دیت) کۆکراوەی سەرجەم چیڕۆکەکانی بەرهەمی ژیانی ئەدەبیمه‌ و ئەزموونی نووسینی پێش ڕۆمانی بە ڕێگاوەیە، کە لە ناوەندە ئەدەبییەکانی ناوچەکە و خوێنەرانی پێشوازییەکی باشی لێکرا."

شایه‌نى باسه‌ فکر و مەعریفە، کوشتن و خوێنڕشتن، گرفتە کۆمەڵایەتییەکان و هەژاری،  ئازار و جەرمەسەرییەکانی کۆمەڵگه‌ و دۆزی نەتەوایەتی و گەڕان بەدوای شوناسی کوردی، ناوەڕۆکی سەرەکی سەرجەم چیڕۆکەکانی ناو کتێبەکەن. زۆربەی چیڕۆکەکان پێشووتر لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاو کراونەتەوە و بەشێکیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی.

کتێبی "نۆبەرەی مەرگم دیت" لە ساڵی 2020 لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری ماڵی کتێب چاپکراوە، بەڵام بە هۆی گرفتی دارایی و ڤایرۆسى کۆڕۆناوە و وەستانی چالاکییەکانی دەزگاکە، پڕۆژەی کتێبەکە دواکەوت و لە ساڵی 2021 بۆ یەکەم جار کتێبەکە  بە دیزاین و بەرگێکی تره‌وه‌ دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.


وشە - محەمەد میران