هەرچەندە بڕیاربوو ئەو كەسانەی كە دوو ژەم ڤاكسین وەردەگرن، بە ئاسانی گەشت بكەن و ڤیزەی وڵاتان وەربگرن، بەڵام چەند كونسوڵگەیەك ئەو پرۆسەیە مەرجدار دەكەن و دەڵێن، ڤیزە بەو كەسانە نادرێ كە پێكوتەی ئەسترازینكایان وەرگرتووە. وەزیری تەندروستی حكوومەتیش هەوڵی چارەسەری ئەو كێشەیە دەدات.
ئهمڕۆ یهكشهم چهند هاووڵاتییهك "وشه"یان ئاگهدار كردهوه كه كاتی پێشكهشكردنی داواكاری ڤیزەی ئهڵمانیایان وهرگرتووه و چوون بهدهمییهوه، بهڵام ئهوانهی ڤاكسینی ڤایزهریان نهداوه، مامهڵهكانیان لێ وهرنهگیراوه.
دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڤیزەڤاكسینیان بۆ ئەو هاووڵاتییانە دروست كردووە كە دوو ژەمه ڤاكسینیان وەرگرتووە و بەنیازن گەشت بكەن، مەبەست لەوە ئەوەیە كە روون بێ ئەو كەسە دوو ژەم ڤاكسینی وەرگرتووە.
ئەو ڕوونیشی كردەوە كە لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەریەك لە كونسوڵگەكانی ئەڵمانیا و فڕەنسا رایان گەیاندووە، ڤیزە بەو كەسانە نادرێ كە ڤاكسینی چینی و ئەسترازینكایان وەرگرتووە، چونكە ئەوە لای ئەوان ددانپێدانراو نییە.
نووسراو بۆ فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە كراوە تا ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستە لە هەوڵی چارەسەری ئەو كێشەیە دەڵێ، نووسراو بۆ فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە كراوە تا ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن و لەگەڵ كونسوڵگەكاندا هاوئاهەنگی بكەن.
عەبدولخالق محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پێوەندیییەكانی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، هەوڵی چارەسەری ئەو كێشەیە دەكەن. دووپاتی لەوەیش كردەوە كە كونسوڵگەی ئەڵمانیا و فڕەنسا داوایان لە هاووڵاتییان كردووە مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزە نەكەن ئەگەر ڤاكسینی رێپێدراویان وەرنەگرتبێ.
ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە بەشێك لە كونسوڵگەكان دەستیان بە پێدانی ڤیزە بۆ هاووڵاتییان كردووە، بەڵام ئەمساڵ مەرجی جیاوازیان جێگیر كردووە.
هەولێر/ فەیسەڵ شێخانی