یه‌كێتی‌ به‌ دژایه‌تی‌ حكوومه‌ت بانگه‌شه‌ی‌ پێشوه‌خته‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ده‌ست پێ كرد

:: PM:02:39:08/07/2021 ‌

 

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ حزبه‌كه‌یان له‌ حكوومه‌تدا به‌شدار نه‌بێ‌، چه‌ند به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتی كه‌وتوونه‌ته‌ بانگه‌شه‌ دژی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام حزبه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان سه‌ركۆنه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ی‌ گرووپه‌كه‌ی‌ ناو یه‌كێتیی ده‌كه‌ن و پێیان وایه‌، له‌كاتێكدا حكوومه‌ت له‌ناو كۆمه‌ڵێك ته‌نگژه‌یه‌، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ ئاستی‌ به‌رپرسیاریه‌تیدا بن.

ره‌سووڵ ره‌ئووف ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، ئێسته‌ حكوومه‌ت له‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌دایه‌ كه‌ پێوه‌ندی به‌ ناوخۆی‌ كوردستانه‌وه‌ نییه‌، هه‌ندێك له‌ كه‌س و لایه‌ن بۆ ئاراسته‌كردنی شه‌قام قسه‌ و پڕوپاگه‌نده‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییان نییه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ حزبێكی‌ دیار كراوه‌.

به‌شی زۆری پۆسته‌ سیادییه‌كان به‌ر یه‌كێتی كه‌وتوون له‌و حكوومه‌ته‌دا، كاتی خۆی به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن حیسابی بۆ نه‌كرا
روونیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن حكوومه‌ت توانای‌ نییه‌ خۆیشیان هیچ جێگره‌وه‌یه‌كیان نییه‌ و ته‌نیا قسه‌ ده‌كه‌ن و موزایه‌ده‌ ده‌كه‌ن.
 
جێی‌ بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی هه‌ركات بزانێت كاتی هه‌ڵبژاردن نزیك ده‌بێته‌وه‌، زیاتر ده‌ست به‌ دژایه‌تیكردنی حكوومه‌ت ده‌كات، له‌ لایه‌ك ده‌یه‌وێ به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بڵێت ئه‌وه‌تا له‌ ناو حكوومه‌تین و دژایه‌تی حكوومه‌تیش ده‌كه‌ین، له‌ لایه‌كیش ده‌یه‌وێ موزایه‌ده‌ بكات و بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كاری ده‌هێنێت، له‌ كاتێكدا یه‌كێتی له‌ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی حكوومه‌ت پۆستی باڵای هه‌یه‌ كه‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت، سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشی به‌ ده‌سته‌.

به‌گوته‌ی مامۆستایه‌كی زانكۆ، پڕوپاگه‌نده‌كردن دژی‌ حكوومه‌ت هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بانگه‌شه‌یه‌كی‌ پێشوه‌خته‌یه‌، ئه‌مه‌یش له‌ موزایه‌ده‌ زیاتر هیچی تر نییه‌.

نه‌زاكه‌ت سه‌عید مامۆستای زانكۆی سلێمانی، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان داوه‌ته‌ پڕوپاگه‌نده‌ دژی حكوومه‌ت، موزایه‌ده‌یه‌ و هه‌ڵمه‌تی‌ پێشوه‌خته‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌.

ئه‌و مامۆستایه‌ی‌ زانكۆ دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و حزبانه‌ی به‌شدارن له‌ حكوومه‌ت، به‌شداریشن له‌و هه‌موو بڕیارانه‌ی كه‌ حكوومه‌ت ده‌یدات، به‌ڵام كاتێك نزیك ده‌بینه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن بۆ موزایه‌ده‌ی سیاسی و هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌و حزبانه‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ دژایه‌تی‌.

هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌و جۆره‌ قسانه‌ جگه‌ له‌ رووخاندنی ده‌روونی هاووڵاتییان له‌ هه‌رێمی كوردستان پشێوی دروستكردنه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كیشی نییه‌، بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم تێكده‌چێت ئه‌مه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌، ئه‌وه‌ی له‌و هه‌رێمه‌ بێت و حزبی‌ سیاسی بێت به‌شداره‌ له‌ هه‌ر بڕیارێكی حكوومه‌ت به‌ باش یان به‌ خراپ.

لای خۆیه‌وه‌ رێبوار بابكه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، به‌شی زۆری پۆسته‌ سیادییه‌كان به‌ر یه‌كێتی كه‌وتوون له‌و حكوومه‌ته‌دا، كاتی خۆی به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن حیسابی بۆ نه‌كرا و زۆر له‌ به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن پۆست و پله‌ی پێ درا، به‌ڵام هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ كرا له‌ نێوان لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی حكوومه‌ت كاری نه‌كرد و كه‌وته‌ دژایه‌تیی.

هه‌روه‌ها گوتی، یه‌كێتی له‌ بابه‌ته‌ دارایی و ئیدارییه‌كان وه‌ك پێویست پاڵپشتی حكوومه‌تی نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ن سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌یه‌ و حكوومه‌ت ئێسته‌ به‌هێزه‌ و كاره‌كانی خۆی ده‌كات.


سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی

 



وشە - تایبه‌ت