هەزار پارچەی كەلەپووری لە "خانەی كولتووری لەپزێڕین"ی كۆیە دەپارێزرێن

:: AM:10:32:10/07/2021 ‌
پێشتر دەمزانی مۆزەخانەیەكی قشتیلە لە كۆیە بەناوی "خانەی كولتووری لەپزێڕین" هەیە، بەڵام كە سەردانم كرد و بەبینینی، دەركەوت نەك قشتیلە، زۆر لەوە لەبارتر و گەورەترە كە لە خەیاڵی مندا هەبوو، بۆیە دەبوو وەك "وشە" بیخەینە بەر رۆشناییەوە كە ساڵانێكە تیشكی گەیشتووەتە زۆرینەی ناوچەكانی كوردستان. لەو خانەیە وەك سەرپەرشتیارەكەی باسی بۆ دەكردین، نزیكەی هەزار پارچەی كەلەپووری بۆ سەردانكەرانی پێشان دراوە.

خانەی كولتووری لەپزێڕین لە كۆیە كە خاوەنەكەی "دكتۆر عەتیە حەمەسەعید كۆیی"ـە و بەناوی بنەماڵەكەیانەوە "ساڵحییان"ـە، نووسەر و رۆژنامەنووس دێدەوان یاقووب وەك عاشقی كەلەپووری كوردی بە خۆبەخش سەرپەرشتیی دەكات، لە 28/5/2015ەوە لە گەڕەكی بەفری قەندیی كۆیە كراوەتەوە. وەك سەرپەرشتیارەكەی بۆ "وشە" باسی دەكرد، خانەكە یەكەمین مۆزەخانەیە كە بە فەرمی مۆڵەتی لە وەزارەتی رۆشنبیریی كوردستان وەرگرتووە و لە نەخشەی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان جێگیر كراوە.

لە دوو خانوو جێ كراونەتەوە كە رووبەرەكەی زیاتر لە هەزار مەتری چوارگۆشە دەبێت


تەواوی كەلوپەل و پارچەی كەلەپووریی مۆزەخانەكە كە سەرپەرشتیارەكەی باسی دەكرد، نزیكەی هەزار پارچەی درشت و ورد دەبن، لە دوو خانوو جێ كراونەتەوە كە رووبەرەكەی زیاتر لە هەزار مەتری چوارگۆشە دەبێت، وەك موڵك بۆ بنەماڵەی ساڵحییان دەگەڕێتەوە و دكتۆر عەتیە حەمەسەعید بۆ خزمەتی كۆیە و كوردستان بۆ مۆزەخانەی تەرخان كردووە.

لەبارەی بەشەكانی مۆزەخانەكەیش دێدەوان یاقووب پێ گوتین، بەشەكانی پێكهاتوون لە كشتوكاڵ، جوانكاری، راوەشكار، ناوماڵ، گڵكاری، رستن و چنین، رێژە و پێژە، دارتاشی، شوانكاری، ئاسنگەری، سوارچاكی، ئامێرە دەنگییەكان، وێنە، پۆشاك، موزیك، نەخش و نیگار كە خۆیان لە نزیكەی هەزار پارچەی كەلەپووری دەدەن.

لەناو هەموو ئەو پارچە كەلەپوورییانە، سەرنجی "وشە" كەوتە سەر ئەو دەسك و هاوانانەی لە مۆزەخانەكە پێشان دراون كە دەوروبەری زیاتر لە 10 دانە دەبن، وەك قەبارە و جۆریش لە یەكتر جیاوازن، لە بچووكەوە تا گەورە. وەك دێدەوان ئاماژەی پێ دا، دەنگی هەر یەكێك لە هاوانەكان كە لە لێدانی دەسكەكەی دەنگێكی ناوازەی موزیك دەخاتە بەرگوێ، لە یەكتر جیاوازن. بەپێی گوتەی ئەو، هەموو تۆنەكانی موزیك لە لێدانەكاندا دەكەونە بەرگوێ، سەرنجی "وشە"یش كەوتە سەر ئەوەی تەواوی تۆنەكانی موزیك كە لە بنچینەدا حەوت تۆنن، لە "دۆ، رێ، می، فا، سۆڵ، لا، سی" لەو هاوانانە دەردەچن، بۆیە ئەوەیان ناوازەترین پارچە كەلەپوورییەكانی مۆزەخانەكەن. 

دێدەوان باسی ئەو گۆڤارەی دەكرد كە بەناوی "كولتووری كورد"ی سەربە خانەكە دەردەكرد، بێگومان بەپێی دەرفەت و توانای دارایی، كاتی دیاریكراو بۆ دەركردنی دەستنیشان نەكراوە و تا ئێستە چوار ژمارەی لێ دەرچووە، زۆرینەی بابەتەكانیشی هەمەجۆر و پێوەست بە كولتوور و كەلەپووری كوردی تێدا بڵاو كراوەتەوە. هاوكات دووپاتی كردەوە كە یەكەمین مۆزەخانەیشە تا ئێستە بەشداریی لە زیاتر لە 20 فێستیڤاڵ كردووە، خۆیشی سێ فێستیڤاڵی ئەنجام داوە. 

لەبارەی كۆكردنەوەی پارچە كەلەپوورییەكانی مۆزەخانەكە دێدەوان گوتی، هەر لە سەرەتای كردنەوەی مۆزەخانەكە، دكتۆر عەتیە خۆی ژمارەیەكی زۆر پارچەی كەلەپووریی بنەماڵەكەیان هەبووە و لەوێدا پێشانی داون، بە دوایدا ژمارەیەك پارچەی تر وەك دیاری پێمان گەیشتوون و هەندێكی تریش كڕیونی، منیش ئەوەی پێم گەیشتبێت بە كڕین و دیاری، كۆم كردوونەتەوە و لە مۆزەخانەكەدان.

لەبارەی سەردانكردنی مۆزەخانەكە لەلایەن هاووڵاتییانەوە سەرپەرشتیارەكە دەڵێ، جیا لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و زانكۆ و پەیمانگەكان و قوتابخانەكان كە بەردەوام سەردانی دەكەن، تا ئێستە چەندان جار شاندی بیانی بۆ بینینی كەلەپووری كوردی سەردانی مۆزەخانەكەیان كردووە، وەك میوانانی ئەمەریكی، كەنەدی، فڕەنسی، توركی، ئێرانی و وڵاتە عەرەبییەكان. جیا لە سەردانكردنی هاووڵاتییانی كوردستان بەهەموو شارەكانەوە.

چەندان گۆرانیبێژ بۆ وێنەگرتنی كلیپەكانیان، روویان لە مۆزەخانەكە كردووە


دواتریش دێدەوان یاقووب ئاماژەی بەوە كرد كە تا ئێستە چەندان گۆرانیبێژ بۆ وێنەگرتنی كلیپەكانیان، روویان لە مۆزەخانەكە كردووە و لەوێ ئەنجامیان داوە.

دكتۆر عەتیە حەمەسەعید كۆیی كە خاوەنی مۆزەخانەی "خانەی كولتووری لەپزێڕین"ـە لە كۆیە، خۆی پزیشكی تایبەت بە ژنان و منداڵبوونە، بەڵام وەك ئەركێكی نیشتمانپەروەری و وەك ئاشقانی بواری كەلەپووری كوردەواری، لە بوارەكەدا خزمەتی بەرچاوی كوردستانی كردووە، مۆزەخانەكەیش هاوشانی مۆزەخانەكانی تری كوردستان، هەمیشە بۆ پێشاندانی كەلوپەل و پارچە كەلەپوورییەكانی كراوەیە.













وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د