"ئەمساڵ هیچ گەنمێك نییە سن و كیسەڵە لێی نەدابێت"

:: PM:03:36:12/07/2021 ‌
سەعید عومەر بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی وشكەساڵییەوە پێشبینی دەكرێ‌، ئەمساڵ ئەو ڕێژە گەنمەی عێراق بۆ سایلۆی هەولێر دیاری كردووە كە وەری بگرین تەواو نەبێت، هەروەها ئێستە جووتیاران سەرپشك كراون لەوەی گەنمەكە بە سایلۆ بدەن یان لە دەرەوە بیفرۆشنەوە، ئەوەیش دوای هەڵسەنگاندنی لە لیژنەكانی پشكنینی سایلۆی هەولێر، پێویستە ئەوەیش بزانرێ‌ ئەمساڵ هیچ گەنمێك نییە سن و كیسەڵە لێی نەدابێت.

پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ لە سایلۆی هەولێر چۆن بەڕێوە دەچێت؟
بەپێی نووسراوی فەرمی لە 22ـی حوزەیران، بەشێوەیەكی فەرمی دەست كراوە بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، هەموو جۆرەكانی تێدایە وەك نمرە یەك و نمرە دوو و نمرە سێ‌، بەشێك لە جووتیاران كاتێك لە پشكنین گەنمەكانیان نمرە یەكیان بۆ دەرناچێت، گەنمەكەیان دەبەنەوە دەرەوە و ئامادە نین بیفرۆشن، ئەوەیش ئەمساڵ ڕێپێدراوە.

هەر جووتیارێك چووە دەرەوە، مافی ڕادەستكردنی گەنمی هەیە؟
جووتیار هەیە كاتێك پشكنین بۆ گەنمەكەی دەكەین، ئەو نمرەیە دەرناچێت چاوەڕوان دەكات، بۆیە گەنمەكەی دەباتە دەرەوە، ئەگەر پیس بێت پاكی دەكاتەوە و جارێكی تر دەیهێنێتەوە سایلۆ، ئێمە دیسان پشكنینی بۆ دەكەین، بەپێی ئەو دەرئەنجامەی گەنمەكەی لە پشكنینەكان دەردەچێت، بۆی دیاری دەكەین.

ئەو گەنمەی ئەمساڵ جووتیاران ڕادەستی دەكەن چ نمرەیەكە؟
گەنمەكان كە ڕادەستی سایلۆ كراون، زۆربەی بەڕێی ئاودان چێنراون، ئەوەیش وایكردووە نمرە یەك زۆر بێت، هەرچەندە لە پشكنینەكان دەرچووە كە نمرە دوو و نمرە سێش هەیە، بەڵام زۆرترین گەنمی چێنراو بە ئاودان، نمرە یەك دەردەچێت. 

ئەو ڕێژە گەنمەی ئەمساڵ وەرتان گرتووە چەندە؟
21 هەزار تۆن نمرە یەك بووە و هەزار و 700 تۆن نمرە دوو بووە لەگەڵ هەندێك نمرە سێ‌، بەكۆی گشتی نزیكەی 23 هەزار تۆن وەرگیراوە، پرۆسەكەش بەردەوامی هەیە.

ڕادەستكردنی گەنم لەگەڵ ساڵانی پێشوو جیاوازی هەیە، كە ئێستە لە ناوخۆش پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنم لەلایەن حكوومەت هەیە؟
ڕادەستكردنی گەنمی جووتیاران وەك ساڵانی پێشوو نییە، ئەمساڵ بەهۆی وشكەساڵییەوە كاریگەریی هەبووە لەسەر بەرهەمی گەنم، ئەمساڵ بەهیچ شێوەیەكیش ڕێ نادرێ‌ گەنمی كۆن بهێنرێتە سایلۆ، ئەوەیش كاریگەریی هەبووە لەسەر كەمتربوونی بەرهەمەكە، چونكە ڕەنگە كەسەكە بە قاچاخ لە شوێنێكی تری هێنابێ یان لە وڵاتێكی تری هێنابێت.

ئەمساڵ بڕی ئەو گەنمەی دیاری كراوە وەری بگرن چەندە؟
حكوومەتی عێراق بۆ هەولێر بڕی 109 هەزار تۆنی دیاری كردووە، سایلۆی هەولێر دەتوانێ 150 هەزار تۆن وەربگرێت، ئەگەر بەرهەمی تریش هەبێت، دەتوانرێ بۆ سایلۆكانی دەوروبەری هەولێر بگوازرێتەوە كە چەندان سایلۆ هەیە، دەتوانین لە شەمام و گردەڕەشە و قوشتەپە، بەكۆی گشتی 500 هەزار تۆن وەربگرین و جێی بكەینەوە، بەڵام ڕێژەی وەرگرتن دیاریكراوە.

پێشبینی دەكرێ‌ ئەمساڵ ئەو 109 هەزار تۆنە تەواو بكرێ‌؟
بەپێی ئەو بڕەی بەغدا دیاری كردووە ئێمە گەنم وەردەگرین، ئەمساڵ بەغدا 109 هەزار تۆنی دیاری كردووە، بۆیە لەو ڕێژەیە زیاتر ناتوانین وەربگرین، ئەوەشی ناوی نووسراوە و ڕەسیدی هەیە، هەرچەند گەنمی هەبێت، لێی وەردەگرین، بەڵام باوەڕ ناكرێ‌ ئەو ڕێژەیە تەواو بكرێ‌، چونكە وشكەساڵی و بێ‌ بارانی بەرهەمەكەی تەواو كەم كردووەتەوە، هەرچەندە ئێمە لەچاو هەندێك شوێنی هەرێمی كوردستان باشین، چونكە هەندێك شار هێشتا حەوت هەزار تۆنی وەرنەگرتووە.

سن و كیسەڵە ئەمساڵ لە گەنم زۆر بەدیار كەوت، ئێوە چۆن لە جووتیاران گەنم وەردەگرن كە سن لێی دابێ‌؟
بەپێی ڕێنوێنییەكانی لە بەغداوە بۆمان هاتووە، ئەو گەنمەی سن و كیسەڵە لێی داوە، روون كراوەتەوە چۆن وەری بگرین، لە ڕێنوێنییەكاندا دیاری كراوە %2 ئاساییە و ئەو گەنمە هەر نمرە یەك هەژمار دەكرێ‌، 2% بەسەر بكەوێت بە نمرە دوو هەژمار دەكرێ‌، 4%ـی بەسەر بكەوێ ئەوا گەنمەكە بە نمرە سێ‌ هەژمار دەكرێ‌، ئەمساڵ هەرچی گەنم هاتووە بۆ سایلۆ، سن و كیسەڵە لێی داوە، بەڵام هەندێك گەنم ڕێژەكەی كەمە و هەندێكیش زۆرە.

تاكەی وەرگرتنی گەنم بەردەوامی دەبێت؟
بەپێی ئەو خشتەیەی دیاری كراوە لەلایەن عێراقەوە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم تا 10ـی ئاب بەردەوام دەبێت، ڕاگرتنیشی پێوەندی بە حكوومەتی عێراق هەیە، كاتێك بڕیاری ڕاگرتنی دەركرد، ئەوا چیتر گەنم لە جووتیاران وەرناگرین، بۆیە بەپێی ئەو خشتەیەی هەیە، پێشبینی دەكرێ‌ پێش ئەوە وادەیە، هەموو بڕە گەنمێك وەرگیرابێت.











وشە - رامیار جەواد