زەنگی مەترسی لێ درا

:: AM:08:55:19/07/2021 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، تووشبوون بە كۆرۆنا سێ‌ هێندە زیادی كردووە و پێشبینی تووشبوونی هەزاران هاووڵاتی دەكرێ‌.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی تەمووز، ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا سێ هێندە زیادی كردووە، لەمدواییە بە بەراورد لەگەڵ چەند هەفتەیەك بەر لە ئێستە.

زیاتر گوتی، ئامارەكان ترسناكن و پێشبینی هەزاران تووشبووی رۆژانە دەكرێ لە داهاتوودا، ئەوەی كە بەدی دەكرێ سستبوونێكی تەواوە بە پابەندبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی لە هەموو شوێنەكان.

ئەگەر بەریەككەوتن كەم نەكەینەوە، ئەوا كارەسات بەڕێوەیە
باسی لەوەش كرد، ئەگەر بەریەككەوتن كەم نەكەینەوە، ئەوا كارەسات بەڕێوەیە، ئێمەش بەدەر نین لە وڵاتانی دەوروبەر كە چۆن بەهۆی دۆخی كۆرۆناوە دەناڵێنن.

ڕوونی كردەوە، ئەنجوومەنی وەزارەتی تەندروستی كۆبوونەوەی ئەنجام داوە و پێشنیارەكانی داوەتە لایەنی پێوەندیدار لەبارەی ئەم دۆخە، گرنگترین رێكارەكان كە پێویستە بگیرێنەبەر لە رۆژانی داهاتوودا.

ئەو هۆشدارییەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە كاتێكدایە، ڕۆژانە نزیكەی هەزار و 500 تووشبووی نوێی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێ‌، ئەوەیش وایكردووە جارێكی تر نەخۆشخانەكان پڕ بن لە تووشبووانی كۆرۆنا.



وشە - رامیار جەواد