ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر

:: PM:10:20:21/07/2021 ‌
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕوونكردنەوە لەسەر گرتە ڤیدیۆییەك دەدات و ڕای دەگەیەنێت، لە ڕۆژی 16ـی تەمووز تاوانبارێكییان گرتووە كە هێزەكانی ئاسایش ناچار بەتەقەكردن بوونە.

ئەمڕۆ دووشەم 21ـی تەمووز، لە ڕوونكردنەوەیەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر هاتووە، سەبارەت بە گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە سۆشیال میدیا بڵاو بووەتەوە كە ڕێگری لە هاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق كراوە دوورە لە ڕاستی.

ئاسایشی هەولێر باس لەوەش دەكات، ئاگاداری هەموولایەك دەكەینەوە ئەم رووداوە هیچ پێوەندییەكی بە گەشتیارانەوە نەبووە و رووداوەكە رۆژی هەینی 16ـی تەمووز بووە و  مەفرەزەیەكی هێزەكانی ئاسایش لەسەر ڕێی كەركووك- هەولێر بە مەبەستی گرتنی تاوانبارێكی هەڵاتوو لە یاسا بەناوی "ا.ص.ا" ناچار بە تەقەكردن دەبن.

ئاسایشی هەولێر لە ڕوونكردنەوەكەی بۆ هاووڵاتییان دەڵێت، ئەو رووداوە هیچ پێوەندییەكی بە خوشك و برا گەشتیارانەوە نەبووە و هاتنی گرووپە گەشتیارییەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بە بێ گرفت بەردەوامە.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، لێكۆلینەوەكان سەبارەت بە رووداوەكە  بەردەوامە و هەموولایەك دڵنیا دەكەینەوە كە هێزە كانمان لە ئەركدان بۆ دابینكردنی كەشێكی ئارام و سەقامگیر بۆ گشت هاووڵاتییان و گەشتیارانی خۆشەویست.



وشە - رامیار جەواد