هەڵگرتنی لێبڕینی مووچە بازاڕی خانووبەرە دەبووژێنێتەوە

:: AM:11:41:26/07/2021 ‌
خاوەنی نووسینگەیەكی خانووبەرەی هەولێر دەڵێت، دوای دابەشكردنی مووچە بەبێ‌ لێبڕین، كاریگەرییەكانی بەسەر كەرتی خانووبەرە دەردەكەوێت و بازاڕ دەبووژێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 26ـی تەمووز، سەردار ئازاد خاوەنی نووسینگەكانی ئەملاك بۆ كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، دوای هەڵگرتنی لێبڕینی مووچە چاوەڕوانی بووژانەوەی كەرتی خانووبەرە دەكرێ‌ و هاووڵاتییان دەست دەكەنەوە بەخۆشگوزەرانی.

زیاتر گوتی، بە هەڵگرتنی لێبڕینی مووچە بازاڕ بەگشتی و بازاڕی خانووبەرە بەتایبەت دەبووژێتەوە، كاریگەری دوای دابەشكردنی مووچە  لەسەر بازاڕەكان بەدیار دەكەوێت، هاووڵاتییان بە وەرگرتنی مووچەكانیان دەگەڕینەوە بازاڕەكان.

كاریگەری دوای دابەشكردنی مووچە لەسەر بازاڕەكان بەدیار دەكەوێت
ڕوونی كردەوە، دوای ڕاگەیاندنی نەمانی لێبڕینی لە دوێنێوە جووڵەی هاووڵاتییان زیاتر بووە بۆ نووسینگەكانی خانووبەرە، بەڵام ئەو كاریگەرە لە ڕۆژانی دوای دابەشكردنی مووچە زیاتر دەبێت، چونكە بە بوونی پارەی زیاتر لە گیرفانی هاووڵاتییان، وادەكات بتوانن گۆڕانكاری بكەن و قستەكانیش باشتر بدەن.

دوێنێ‌ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لەم مانگەوە لێبڕینی مووچە كۆتایی دێت و مووچەی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین دابەش دەكرێت. 

ماوەیەك بوو حكوومەت مووچەی فەرمانبەرانی بە لێبڕینی 21% دابەش دەكرد و لەمدواییانەدا مووچەكە بە رێكوپێكی مانگانە لە كاتێكی دیاریكراودا دابەش دەكرا، جگە لە مانگی ئایار كە چەند رۆژێك مووچە لە كاتی خۆیدا دوا كەوت.

حكوومەت دوای پێداچوونەوە بەسەر توانا داراییەكانی و جێبەجێكردنی بەشێك لە پڕۆژەی چاكسازی و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، بەو ئەنجامە گەیشتووە ئەگەر ئەو داهاتانە كۆ بكرێنەوە و حكوومەتی عێراقیش لەسەر بەڵێنەكەی خۆی سوور بێت، ئەوا چیتر پێویست بەوە ناكات مووچە ببڕێت و لە كاتی خۆیدا دابەش نەكرێت.



وشە - رامیار جەواد