تارانییەکان بە دروشمی "دیکتاتۆر بمرێ" رژانە سەر شەقامەکان

:: PM:04:11:26/07/2021 ‌
خۆپێشاندان لە شارەکانی پارێزگای خووزستان بەردەوامە و رۆژ بە رۆژ پشتیوانی خەڵکی پارێزگاکانی تر لێیان زیاتر دەبێت. لە تاران خەڵک رژانە سەر شەقامەکان و دژی خامنەیی دروشمیان دا.

ئەمڕۆ دووشەم 26ی تەمووز لە چەند شەقامێکی تاران خەڵک هاتنە سەرشەقامەکان و کۆمەڵێک دروشمیان لە دژی رژێمی ئێران و رێبەری کۆماری ئیسلامی دا. "دیکتاتۆر بمرێ" و "نە غەزە و لە لبنان گیانم فیدای ئێران" لە گرنگترین دروشمی خۆپێشاندەران بوو.

بەگویرەی رادیۆ فەردا حەمید رەزا گوودەرزی یاریدەدەری پارێزگاری تاران خۆپێشاندانەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و گوتوویەتی خەڵک لەبەر بێکارەبایی هاتبوونە سەر شەقام.

لە تاران پێشتریش چەند گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی عەرەبی ئەهواز رێک خراوە.


مەبەستی ئەوە بووە بڵێ خۆپێشاندانەکەی تاران هیچ پێوەندییەکی بە خووزستان نییە لە کاتێکدا لە تاران پێشتریش چەند گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی عەرەبی ئەهواز رێک خراوە.

دوێنێ لە تەورێزیش كە شارێكی ئازەری و توركنشینە و لە دوای تاران بە یەكێك لە گەورەترین شارەكانی ئێران هەژمار دەكرێت، خەڵك خۆپێشاندانێكی ئاشتیخوازانەیان بۆ پشتیوانی لە خەڵكی خووزستان رێك خست، بەڵام دوای هێرشی پۆلیس توندوتیژی تێ كەوت.

لە سەقز كە سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە، خەڵك بۆ پاڵپشتی لە خووزستان گردبوونەوەیەكیان رێك خست لە چەند شوێنێكی ئیلامیش خەڵك پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپێشاندەرانی خووزستان راگەیاند. جێی باسە لە پارێزگای خوراسانی باكوریش خۆپێشاندان كرا كە زۆربەی دانیشتووانی كوردنشینن و كەوتووەتە باكوری رۆژهەڵاتی ئێران. لە كرماشان و تاران و ئیسفەهانیش چەند گردبوونەوە و خۆپێشاندان بەڕێوە چووە، بەڵام ئەوەندە گەورە نەبوون بتوانن كاریگەری لە دوای خۆیان جێبهێڵن.

بە گشتی نۆ خۆپێشاندەر كوژراون و دەیان كەسی تریش بریندار بوون. جگە لەمە دەیان كەس گیراون و چارەنووسیان نادیارە.

بۆ ئەوەی دەنگی ناڕازییان كپ بێت و بە پارێزگاكانی تر و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەگات، حكوومەتی ئێران هێڵی ئێنتەرنێتی پچڕاندووە یان بە تەواوی خاوی كردووەتەوە.

سوپای پاسداران رۆڵی هەیە لە سەركوتكردنی خەڵك و لە زۆربەی  شارەكان بە دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپای پاسداران و پۆلیس بە شەقامەكاندا بڵاوەیان پێ كراوە، حكوومەت دەیەوێ بەر لە تەشەنەی ئەو خۆپێشاندانانە بۆ پارێزگاكانی تر، سەركوتیان بكات.

لەلایەك بێ ئاوی و لەلایەكی تریش بێ كارەبایی وای لێ كردوون بڕژێنە سەر شەقامەكانەوە.


پارێزگای خووزستانی ئێران كە كەوتووەتە باشووری رۆژئاوای ئێران، لەگەڵ پارێزگای بەسرە لە عێراق هاوسنوورە. پارێزگاكە بە گەرمترین پارێزگای ئێران هەژمار دەكرێت و ئەمساڵیش گەرمای تاقەتپرووكێن هێندەی تر خەڵكی تووڕە كردووە، لەلایەك بێ ئاوی و لەلایەكی تریش بێ كارەبایی وای لێ كردوون بڕژێنە سەر شەقامەكانەوە.

لە ماوەی مانگێكی رابردوودا ئەمە دووەم ناڕەزایەتی گەورەیە كە بەرانبەر حكوومەتی ئێران دەكرێت و پێش خووزستان، مانگرتنی كرێكاران كۆمەڵێك پارێزگای ئێرانی گرتەوە. لە هەڵبژاردنی رابردووی سەرۆك كۆماریش خەڵك بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردن پێگەی ئێرانیان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لاوازتر كرد، زۆرینەی بەرچاوی خەڵكی ئێران دژی كۆماری ئیسلامیی ئێرانن.


وشە - سلێمان تاشان