''كۆرۆنای دێلتا ڤایرۆسێكە خۆی گۆڕیوە.. دەتوانین خۆمانی لێ بپارێزین''

:: PM:01:53:28/07/2021 ‌

''وشە'' لەبارەی كۆرۆنا دێلتا چەند پرسیارێك لە د. زرار حوسێن رەسووڵ پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو، دڵ، تەنگەنەفەسی و شەكرە دەكات، ئەویش بە وردەكارییەوە وەڵام دەداتەوە.

كۆرۆنا دێلتا چییە؟
كۆرۆنا دێلتا بریتییە لەو گۆڕانانەی كە بەسەر جیناتی ڤایرۆسی كۆرۆنادا هاتووە و خۆی گۆڕیوە، لە ئەنجامدا كۆرۆنایەكی نوێ دروست بووە پێی دەڵێن ''كۆرۆنای دێلتا''، چەند جۆرێكی تریشمان هەیە ئەوانیش ''ئەلفا، لەمدا و گاما''. 

چ جیاوازییەكی هەیە لە كۆرۆنای پێشتر؟
كۆرۆنای دێلتا دوو شتی زۆر جیاوازی هەیە لە كۆرۆنای پێشتر، ئەویش یەكەم خێراتر دەگوازرێتەوە كە بەپێی توێژینەوەكان سەلمێنراوە، دووەمیش هەندێك نیشانەی جیاوازترە، بەشێوەیەك نەخۆشەكە بەڕێژەیەكی زۆرتر و توندتر سكچوون دەگرن یان نیشانەی كۆ ئەندامی هەرسیان هەیە، هەروەها ژانەسەر بەڵام بەڕێژەیەكی كەمتر لەوانی تر.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانمان دەركەوتووە، ئەم ڤایرۆسە خێراتر دەگوازرێتەوە بۆیە وای كردووە نەخۆشخانەكان پڕبن لەو حاڵەتە، ڕاستە یان دوورن لە راستییەوە؟
هاووڵاتییان با دوودڵ نەبن لەوەی ئەم ڤایرۆسە خۆگۆڕاوە وەستانی نییە، بەڵكو بە پێچەوانەوە دەتوانین خۆپارێزی لێ بكەین هاوشێوەی ''كۆرۆنای پێشتر''، بەشێوەیەك هەمان ڕێكارەكانی خۆپارێزی ئەنجام بدەین لە ''بەستنی دەمامك، نەچوونە ناو قەرەباڵغی، پاكوخاوێنی'' واتە ڕێكارەكانی خۆپارێزی بەگشتی ئەنجام بدەین، پارێزراو دەبین لەو ڤایرۆسەیش، بەكارهێنانی ڤاكسینیش رێكارێكی ترە بۆ خۆپارێزی و پێویستە ئەوەی خۆیشی نەكوتاوە یان ڤاكسینی لەخۆی نەداوە، بەكاری بهێنێت، راستە لەو ڤایرۆسە نوێیە كەمێك چالاكی كەمترە، بەڵام سوودی زۆری لێ دەبینیت. 

خۆت چ زانیارییەكت لەسەری هەیە پێمان بڵێ بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵكی لەم ڤایرۆسە؟
ئەوەی گرنگە هاووڵاتییان بیزانن ئەوەیە كە ڤایرۆس هەر ڤایرۆسە، گرنگ نییە خۆی گۆڕیوە یان نا، ئەوان لەسەریانە خۆپارێزی بكەن و رێنوێنییەكان جێبەجێ بكەن، لەگەڵیشیدا ڤاكسین بەكار بهێنن، بۆیە گرنگ نەبێ لاتان كۆرۆنا دێلتایە یان نا، ئەوە كاری توێژەرەكان و كەسانی شارەزایە، ئەوەی گرنگە و ئەركە لەسەر هاووڵاتییان خۆپارێزی و بەكارهێنانی ڤاكسینە.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان