ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان 34 ژن خۆیان سووتاندووە

:: PM:02:45:28/07/2021 ‌
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێمی كوردستان، لە ماوەی ئەمساڵدا حاڵەتەكانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زیادی كردووە بەراورد بە شەش مانگی ساڵی ڕابردوو.

بەپێی ئەو ئامارەی كە دەستی "وشە" كەوتووە، حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتن و خۆسووتاندنی ژنان و حاڵەتەكانی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر ژنان لەلایەن پیاوانەوە زیادی كردووە، هەروەها سكاڵاكردنی ژنان بەهۆی توندوتیژی بەرانبەریان زیادی كردووە.

لە ئامارەكەدا هاتووە، لە هەولێر هەشت حاڵەتی خۆكوشتن، سێ حاڵەتی سووتان، 14 حاڵەتی خۆسووتان، 20 دەستدرێژیی سێكسی لەو ماوەیە تۆمار كراوە، هەروەها دوو هەزار و 70 سكاڵاش لەلایەن ژنانەوە دژی پیاوان تۆمار كراوە.

لە دهۆك پێنج حاڵەتی كوشتن، 16 حاڵەتی خۆكوشتن و دوو حاڵەتی سووتان، هەروەها 10 حاڵەتی خۆسووتاندن و 16 دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنان و كچان تۆمار كراوە، لەگەڵ هەزار و 205 سكاڵا لەلایەن ژنانەوە دژی پیاوان تۆمار كراوە.

لە سلێمانیش  یەك حاڵەتی كوشتنی ژنان هەبووە، هەروەها چوار حاڵەتی خۆكوشتن و یەك حاڵەتی سووتان و حەوت حاڵەتی خۆسووتاندن، لەگەڵ 13 دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر ژنان، هەروەها هەزار و  127 سكاڵایش لەلایەن ژنانەوە دژی پیاوان هەبووە.

لە ئیدارەی گەرمیان یەك حاڵەتی خۆكوشتن، یەك حاڵەتی سووتان، یەك حاڵەتی خۆسووتاندن و یەك دەستدرێژیی سێكسی هەبووە، لەگەڵ 413 سكاڵا كە لەلایەن ژنانەوە دژی پیاوان تۆمار كراوە، لە ئیدارەی ڕاپەڕینیش یەك حاڵەتی خۆكوشتن، دوو حاڵەتی خۆسووتان لەگەڵ 173 سكاڵا هەبووە، بەڵام هیچ حاڵەتێكی دەستدرێژیی سێكسی نەبووە، لە شارۆكەی سۆرانیش یەك حاڵەتی سووتانی ژنان هەبووە لەگەڵ چوار حاڵەتی خۆسووتاندن، دوو دەستدرێژیی سێكسی هەبووە لەگەڵ 119 سكاڵای ژنان دژی پیاوان.

ساڵی ڕابردوو بەهۆی ئەوەی لە مانگی ئادارەوە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا هات و بۆ ماوەی زیاتر لە یەك مانگ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان داخران و كار و چالاكی لیژنەكان ڕاگیران، بۆیە نەتوانرا وەك پێویست حاڵەتەكانی توندوتیژی و كوشتن و خۆكوشتن و سووتانی ژنان تۆمار بكرێت، بەو پێیە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، حاڵەتەكانی توندوتیژی ژنان زیادی كردووە.

هیوا كەریم گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنان لە سلێمانی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو حاڵەتانەی توندوتیژی كە تۆمار دەكرێن، سەرەتا لیژنەكان بەدواداچوون دەكەن و ئەو حاڵەتانەی كە ڕوویان داوە تۆماری دەكەن، هەروەها بۆ حاڵەتەكانی دەستدرێژیی سێكسی، لیژنەی تایبەتمەند دوای ئەوەی پشكنین دەكرێت، لە كاتی پشتڕاستكردنەوە دواتر تۆمار دەكرێت.

هەروەها گوتی، حاڵەتەكانی تری كوشتن و خۆكوشتن و سووتان و خۆسووتاندنی ژنان، لەلایەن پۆلیسەوە تۆمار دەكرێن، سكاڵای ژنانیش بەردەوام لە رێی بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەكانی ئێمە تۆمار دەكرێن كە لەلایەن ژنانەوە دژی پیاوەكانیان تۆمار كراون.

ئارش فازڵ پارێزەر و مافناس بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە هەموو كۆمەڵگەیەك توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان هەیەو بە پێچەوانەشەوە، بەڵام كۆمەڵگای هۆشیار لە كۆمەڵگای ناوشیار جیاوازییان لەو حاڵەتانەی توندوتیژی دژی ژنان هەیە، رێژەكەش جیاوازی هەیە.

ئەوەشی گوت، توندوتیژی هیچ كات بنبڕ ناكرێت، بەڵام دەكرێ بۆ ئەوەی كۆمەڵگا وشیار بكرێتەوە، باشتر ئەوەیە لایەنە پێوەندیدارەكان بەردەوام لە رێی كۆڕ و بڵاوكردنەوەی وشیار كار بكەن و راگەیاندنیش ئەركی لەسەرە كە بتوانێ كۆمەڵگا وشیار بكاتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران