رەنگە رۆژێك لە رۆژان دایك و باوك و پزیشكان رێنوێنی ئەوەیان كردبێ كە نابێت رێژەیەكی زۆری شیرینی و نوقڵ بخۆرێت، چونكە زیانی گەورە بە ددان و پووك دەگەیەنن و دەبنە هۆی كلۆربوون و رەشهەڵگەڕانی ددانەكان، بەڵام ئەوانە هەموو ئەو خۆراكانە نین كە پێویستە وریایان بیت.
كەمكردنەوەی خواردنی شیرینی و شوشتنی ددان باشترین چارەسەرییە
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی ئێزگەی دەنگی ئەڵمانیا
"دۆیچ فیلە"، پزیشكان وریایی لە خواردنی چەند جۆرێك خواردن دەدەن كە دەبێ لە زیانەكانیان بۆ ددان و پووك وریا و ئاشنا بین، هاوكات كەمكردنەوەی خواردنیان و شوشتنی ددان و پووك لە ماوەیەكی كورت دوای خواردنیان، باشترین چارەسەرییە، وەك ئەو خۆراكانەی خوارەوە:
*شیرینی، دەبێتە هۆی كلۆربوونی ددان، چونكە رێژەیەكی زۆری شەكری تیادایە و بە ددان دەنووسێت، وا باشترە ئەو جۆرەیان بخۆی كە رێژەی شەكری كەمە.
*گەنمەشامی، رەنگە خۆراكێكی تەندروست بێت، بەڵام هەندێك جار هەوكردنی پووك دروست دەكات بەهۆی چوونی بۆ نێوان ددانەكان، هەروەها شكانی ددانیش دروست دەكات، ئەگەر نەكوڵاو بێت.
*میوەی وشككراوە، سەرچاوەیەكی باشی ریشاڵەكانە، بەڵام هاوكات كارەساتە بۆ ددان، چونكە جیا لەوەی شەكرێكی زۆری تیادایە، بە ددانەكان دەنووسێ و بە زەحمەتیش لادەچێت.
*قاوەی بەستوو، ئەگەر رۆژانە چەندجارێك بیخۆی دەبێتە هۆی كلۆربوونی ددان، شەكری تیادایە و رێگری لە كاری لیك دەكات بە پاراستنی ددانەكان، بۆیە زۆرخواردنەوەی كاری لیكەرژێنەكان پەك دەخات لە پاراستنی ددان لە بەكتریا.
*چەرەزات، زۆرخواردنی چەرەزات دەبێتە هۆی هەوكردنی توندی ددان و پارچەكانی لەناو كەلێنی ددانەكان دەمێنێتەوە، بۆیە وا باشترە دوای خواردنی چەرەزات بۆ ماوەی دوو خولەك ددانەكانت بشۆیت.
*ئاوی لیمۆی گەرم، باشترین شتە بۆ كەمكردنەوەی كێش، بەڵام ددان لەناو دەبات، چونكە ترشی بەهێزی تیادایە و چینی مینای ددان لەناو دەبا و تووشی هەستیاریان دەكات.
*پارچەی بەستوو، خەڵكێك هەیە حەز بە خواردنی بەفر یان پارچەی ئاوی بەستوو دەكات، ئەوانە زیان بە مینای ددان دەگەیەنن و دەشبنە هۆی شكانی ددانەكان.
*خواردنەوەی وزەبەخش، رێژەیەكی زۆری شەكر و ترشەكانیان تیادایە و ددان بە چینێك دادەپۆشن كە بەتێپەڕبوونی كات كەلێن و بۆشایی لە پووك و نێوان ددانەكان دروست دەكەن و دەبنە هۆی كلۆوربوونی ددانەكان.
*مێوژ و شوكولاتە، ئەوانەیش كلۆربوونی ددان دروست دەكەن، بەهۆی شەو رێژە زۆرەی شەكر و نووسانی بە ددانەكانەوە.
*لەتی پەتاتە یان جبس، خەڵكێكی زۆر حەز بە خواردنیان دەكات، بەتایبەتی منداڵ و رواڵەكان، ئەو بە نیشاستە دەوڵەمەندە كە دواتر دەبێتە شەكر و لە نێوان ددانەكان دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆی كلۆربوونیان.