پاش چوار ساڵ لە چاوەڕوانی، وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران، مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی كتێبی "ئێشق با تەئمێ گیلاس" لە نووسینی شاعیری ناسراو ئیبراهیم هەورامانی دا.
ئیبراهیم هەورامانی شاعیر و ڕۆژنامەنووس بۆ "وشه" گوتی، كتێبەكە لە 147 لاپەڕە پێكدێت، بە قەبارەی نیو A4 كە لە ئێران بە زمانی فارسی بڵاو بووەوە. كتێبەكە لەلایەن باست مرادی وەڕگێڕانی بۆ كراوە بۆ سەر زمانی فارسی و ئێستە لە زۆربەی كتێبخانەكانی شارەكانی ئێران بۆ فرۆشتن بەردەستە.
لە لایەن دەزگای ئەفراز بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە چاپ كراوە
ئەو دەڵێ، "ماوەی چوار ساڵە چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئەو كۆمەڵە شیعرەم لە دووتوێی كتێبێكی 147 لاپەڕەیی و لە لایەن دەزگای ئەفراز بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە چاپ كراوە."
ئەو كتێبە شیعرییە دوو بەشە، قەسیدە و چەندان دەقی كورتی شیعرییە، لە لایەن ڕۆماننووس و شاعیری ئێرانی دانیشتووی چیك بیتا مەلەكوتی پێشەكی بۆ نووسراوە، لەلایەن دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئێران گرنگی پێ دراوە.
ئیبراهیم هەورامانی خاوەنی 10 كۆمەڵە شیعرییە، لەوانەش دوو كۆمەڵە شیعری وەڕگێڕاونەتە سەر زمانی عەرەبی و لەلایەن خوالێخۆشبوو ئەحمەد سەلام وەرگێڕانی بۆ كرابوو، دوو كۆمەڵە شیعریشی لەلایەن مامۆستا ڕەشاد حامید كراونەتە زاراوەی كورمانجی ژووروو.
هەڵەبجە / عەزیز هەورامی