جوڵنار جه‌رجیس كیژۆڵه‌یه‌كی سوورییه، به سه‌ردانێك له هه‌ولێره و له بواری موزیك به ئامێری كه‌مانچه ده‌یه‌وێ موزیك به گوێی هاووڵاتییان بدات و ئاشنایان بكات به موزیكی ڕۆژئاوایی. له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تی "وشه"دا وه‌ڵامی چه‌ندان پرسیار ده‌داته‌وه.
*چۆن بوو هه‌ولێرت هه‌ڵبژارد؟
هاتنم بۆ هه‌ولێر بۆ به‌شداریكردن بوو له كردنه‌وه‌ی بڕاندێكی جیهانی له بواری شیرینی و چوكلێت، پێش هه‌شت مانگ دوای ئه‌وه‌ی له‌و ئاهه‌نگ به‌شدار بووم، پایته‌ختی كوردستان‌م به دڵ بوو به‌هۆی ئارامی و كرانه‌وه‌كه‌ی، بۆیه بڕیارم دا بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر لێره بمێنمه‌وه به‌و هیوایه‌ی زۆرترین كاری هونه‌ری له‌م شاره جوانه ئه‌نجام بده‌م، چونكه خه‌ڵكه‌كه‌ی شایانی ژیانێكی جوانن.
*چوونت بۆ ناو دنیای هونه‌ری به رێكه‌وت بوو یان پێشتر له‌ناو خێزانه‌كه‌ت كه‌سانی هونه‌ریی هه‌بوون؟
چوونم بۆ ناو دنیای هونه‌ر و موزیك به‌هۆی حه‌زی خۆمه‌وه بووه، دواتر كه‌سانی تریش له‌ناو خێزانه‌كه‌م بوونیان هه‌بووه كه به‌هه‌مانشێوه‌ی من ئه‌ندازیار و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رز و موزیك به جۆره‌كانیه‌وه ده‌ژه‌نن، خوشكێكیشم گۆرانیبێژه، بۆیه ئه‌وه بۆم ئاسانتر بوو، یه‌كه‌م جاریش وانه‌ی كه‌مانچه‌م خوێند ته‌مه‌نم نۆ ساڵ بوو، واتا من 20 ساڵه له‌و بواره ده‌خوێنم و موزیك ده‌ژه‌نم، له ته‌مه‌نی 10 ساڵیشمهوه له‌سه‌ر شانۆ گه‌وره و فراوان كارم كردووه و ده‌ركه‌وتووم، به‌رهه‌می تایبه‌ت به‌خۆمم پێشكه‌ش كردووه، دوو ساڵ به شێوه‌ی سینگڵ ئامێری كه‌مانچه دهژنم.
*هه‌ولێر چۆن ده‌بینی له ڕووی موزیكه‌وه؟
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ی لێره‌م، ده‌بینم هه‌ولێر هونه‌رمه‌ند و ئاوازدانه‌ر و ژه‌نیاری گرنگ و مه‌زنی تێدایه و هه‌مووان له ئاستێكی زۆر باشدان، هونه‌رمه‌ندان و پسپۆڕانی بواره‌كه زۆر گرنگی به هونه‌ر و موزیك ده‌ده‌ن، به‌ڵام هێشتا له‌لای هاووڵاتییان موزیك شتێكی نامۆیه و زۆر گرنگی پێ نادرێت، به‌وهۆیه‌شه‌وه كه‌مترین هونه‌رمه‌ندی به توانای بواری موزیك ده‌بینی ده‌رده‌كه‌ون و شوێنی تایبه‌تیان نییه بۆ ژه‌نین. له به‌رانبه‌ریشدا هاووڵاتییان له كوردستان به گشتی و له هه‌ولێر به‌تایبه‌تی، زۆر كراوه‌ن بۆ هونه‌ر و كچان زۆر پڕ وزه‌ن و ئاره‌زوو ده‌كه‌ن فێریش ببن، حكوومه‌تیش زۆر هاوكاری گه‌نجانه له‌و بواره، هه‌ولێر هیچی كه‌متر نییه و هیچ ڕێگرییه‌ك نییه بۆ گه‌شه‌ی هونه‌ری، ته‌نیا تۆزێك جووڵه‌ی پێویسته له‌لای گه‌نجانه‌وه.
*ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی له‌كاتی كاركردنت رووبه‌ڕوویان ده‌بیته‌وه چین؟
به‌رده‌وام لێره و له ده‌ره‌وه‌یش ئاسته‌نگی ئه‌وه دێته پێشم كاتێك به به‌یانیان كار ده‌كه‌م و به شه‌ویش له شوێنی تایبه‌ت و سه‌ر شانۆی تایبه‌ت موزیك ده‌ژه‌نم، ده‌بێت شیكپۆش و ئاماده‌كاری بكه‌م، ئه‌مه زۆر كاتم و هێزم لێ ده‌بات، له كوردستان هیچ جۆره ئاسته‌نگێك نه‌هاتووه‌ته پێشم، بگره لایه‌نی پێوه‌نیدار زۆر هاوكاری بیانییه‌كان ده‌كه‌ن و ئێره وڵاتێكی كراوه و تایبه‌ته بۆ ژیان. زۆر ڕێزی ژن ده‌گیرێت كه له بواری موزیك كار ده‌كه‌ن.
*پلانی هونه‌ریت چییه؟
به نیازم چه‌ند كلیپێكی تایبه‌ت به موزیك تۆمار بكه‌م و ئێسته‌یش له كوردستان وانه‌ی تایبه‌ت به موزیك ده‌ڵێمه‌وه و قوتابیم له‌و بواره‌دا هه‌یه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خێزانی ئه‌و منداڵ و گه‌نجانه خۆیان به گرنگه‌وه له پرۆسه‌ی فێربوونی موزیكه‌كه ده‌ڕوانن، بۆیه زۆر هانیان ده‌ده‌ن و پێیان خۆشه و ئێمه‌یش به‌رده‌وامین. پلانمان هه‌یه موزیكه‌كه ڕۆژئاواییه تایبه‌ته‌كان به گوێی هاووڵاتییان بده‌ین و ئاشنایان بكه‌ین به هونه‌ری موزیك به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌جێهشتنی جێپه‌نجه‌ی تایبه‌ت به‌خۆم له‌و بواره، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌منزیكانه ئه‌لبوومێكی تازه‌ی كاره‌كانم له بواری كه‌مانچه بڵاو ده‌كه‌مه‌وه.
*ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگه‌ری چۆن بووه له‌سه‌ر كاره‌كانتان؟
كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه و كه‌مترین ئاهه‌نگ و كۆبوونه‌وه‌ی خێزانی و هونه‌ری ده‌كرێت، ئێمه‌یش له ڕێی موزیكه‌وه ده‌مانه‌وێت له ناخی هونه‌ری هاووڵاتییان نزیك بینه‌وه كه ئه‌وه ده‌بینین پێمان ناخۆشه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا له كوردستان نییه، له هه‌موو دنیادا هه‌مان كێشه هه‌یه، به‌هیوای زۆر ڕزگاربوونی دنیا له‌و ڤایرۆسه.
پاشخان//
جوڵنار جهرجهس كیژۆڵه‌یه‌كی سوورییه و خه‌ڵكی دیمه‌شقی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌یه، ته‌مه‌نی 29 ساڵه و بڕوانامه‌ی ئه‌ندازیاری شارستانی هه‌یه، جگه له پیشه‌كه‌ی، یه‌كێكه له ناودارترین موزیكوانهكانی ئه‌و وڵاته و له بواری (كه‌مانچه) كاره‌كانی ده‌كات، به‌رده‌وام وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك به‌شداری ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌كانی كردووه و ئاوازی تایبه‌ت به‌خۆی ژه‌نیوه، ئێسته له هه‌ولێره و ئاوازه تایبه‌ته‌كانی له ئاهه‌نگ و هۆڵه‌كان به گوێی هاووڵاتییان ده‌دات.