"گوندی بێوەژنەكان"، ئەو گوندەی دەكەوێتە دەشتاییە دوورەدەستەكانی رۆژئاوای ئەفغانستان، لە باشووری شاری هیرات، لە كۆمەڵێك خانووی قوڕ پێكهاتووە، چیڕۆكی ژنانی ئەو گوندە چییە و بۆچی هاوسەر و كوڕەكانیان لەدەست داوە، پێوەندی ئەوان بە مادەی هۆشبەرەوە چییە؟
زۆرینەی پیاوەكانی ئەو گوندە لە باوك و كوڕەكان ونن، ئەوان لەكاتی هەوڵدان بۆ بەقاچاغبردنی ئەفیون لە رێگەی سنوورەكانەوە بەرەو ئێران كوژراون، ژن و بێوەژنەكانیشیان بۆ گرتنەئەستۆی بەخێوردنی خێزان و منداڵەكانیان جێ هێشتووە، كە ئەوانیش بەشێكیان لە رێگەی قاچاغی مادەی هۆشبەر لە سنوورەكانی هیرات گیانیان لەدەست داوە، بەكورتی چیڕۆكی خەڵكی ئەو گوندە و دەیان گوندی تری ئەفغانستان ئەوەیە، یان دەبێت قاچاغی مادەی هۆشبەر بكەن، یان بچنە ریزەكانی بزووتنەوەی تالیبیانەوە.
رێگە بە منداڵەكانیان نادەن ئەو كارە بكەن، چونكە وەك باوكیان دەكوژرێن
ئەحمەد فەقیریار، فەرمانڕەوای ناوچەكە بە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی گوت، ناوچەكە زۆر هەژارە تا ئاستێك پیاوانی خۆیان لەبەردەم دوو بژارە دەبیننەوە، قاچاغی مادەی هۆشبەر یان چوونە ریزەكانی بزووتنەوەی تالیبان، كاتێك قاچاغچییەكانی ئەفیوون و هیرۆویین و میسامیفتامین، لەهەر بارێك 300 دۆلار یان زیاتریان دەست دەكەوێت، ئەوەیش پارەیەكی باشە بۆ گوندێكی وا هەژار، بەڵام بابەتەكە ئەوەندە ئاسان نییە، چونكە لەو رێگایەوە و لە ئێران دووچاری گرتن و دادگاییكردن و لەداردان دەبنەوە، یان دەكەونە بەر گولە و كوشتن بەدەستی پاسەوانانی سنووری ئێران.
تا 2018 ئەفغانستان گەوەرترین بەرهەمهێنەری ئەفیوون بوو لە دنیا، لەوكاتەی خشخاش بەقازانجترین كاڵایە لەو وڵاتەدا، بزووتنەوەی تالیبان لەو رێگایەوە دارایی خۆی پەیدا دەكا و كار بۆ لاوازكردنی هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكە و ناسەقامگیریی دۆخی تەناهی ئەو وڵاتە دەكات، لەوكاتەی پێ دەچێ بەرپرسانی ئەفغانستان بەرانبەر بەو بازرگانییە بەقازانجە، هیچ دەسەڵاتێكیان نییە بۆ وەستاندنی، كاتێك زۆرێك لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە رێگەی تێوەگلان و ئاسانكاری بۆی سامانێكی زۆریان كۆ كردووەتەوە.
بۆیە وڵاتەكە بووەتە شوێنی چاندن و ئامادەكردن و بەقاچاغبردنی ئەفیون و وڵاتەكەیش رووبەڕووی سزاكانی ئەو بازرگانییە ناشەرعییە دەبێتەوە، فەقیریار دووپاتی كردەوە كە هەوڵی داوە پاڵپشتی حكوومەت بۆ بەرنامەی یارمەتیدانی خەڵك بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵ و چاندنی گەنم و برنج و دانەوێڵە لە ناوچە دەشتاییەكان بەدەست بێنێت، بۆ دووركەوتنەوە لە مادەی هۆشبەر، بەڵام شكستی هێناوە.
ئێستە بێوەژنەكانی ئەو گوندە لەسەر داهاتی بازرگانی خوری ئاژەڵەكانیان دەژین، جیا لە كۆمەكی دارایی كەسوكار و كۆمەڵەكانی فریاگوزاری نێودەوڵەتی، منداڵەكانیشیان دەچنە قوتابخانە ئیسلامییەكان، نیك بیبی، بێوەژنێكی تەمەن 50 ساڵە دەڵێت، ماوەیەكی درێژ بوو ژیانمان خۆش بوو، سێ كوڕم هەبوو و پارەیەكی باشیان بە گواستنەوەی ئەفیون دەست دەكەوت، بەڵام هەرسێكیان بەدەستی ئێران كوژران، یەكێكیان لەسێدارە درا و دووەكەی تریان كوژران و تەرمەكانیشیان نەگەڕێندرایەوە، هاوسەرەكەیشی بە نەخۆشی مردووە، ئێستە هەشت سەر خێزان بە بازرگانی خوری بەخێو دەكات.
لەو گوندە كارەبا و ئاو و هۆكاری گەرمكردنەوە نییە، جگە لە دارە وشكە كە دەبێت بیكڕن، ئەوەیش وای كردووە زۆرێك لەو ژنانە روو لە ماڵی كەسوكار یان كەمپەكان بكەن، كاتێك لە گوندەكە 80 بێوەژن و خێزانی تیادا بووە، كەچی سەرما و برسیەتی وای كردووە تەنیا 30یان بمێننەوە، فاتیمە، بێوەژنێكی 40 ساڵە، خاوەنی پێنج منداڵە دەڵێت، هاوسەرەكەم لە بێئومێدییەوە رووی لە قاچاخی ئەفیوون كرد، كە لەهەر بارێك 200 دۆلاری هەبوو، سێ ساڵ ئەوكارەی كرد، بەڵام بەدەستی پاسەوانانی سنووری ئێران كوژرا.
ئەو بێوەژنانە كە ئێستە زۆرینەیان لە رێگەی بازرگانیكردن بە خورییەوە كەمێك پارەیان دەست دەكەوێت، هەوڵێكی زۆر دەدەن بۆ بەخێوكردنی منداڵەكانیان دوور لەو رێگەی باوك برایانیان گرتوویانە بەر و لەناو چوون، ئەوان ترسیان هەیە رۆڵەكانیان بەناچاری رێگەی ئەوان لە قاچاخی مادەی هۆشبەر بگرنە بەر، بۆیە فاتیمە دووپاتی دەكاتەوە، رێگە بە منداڵەكانم نادەم ئەو كارە بكەن، چونكە وەك باوكیان دەكوژرێن، بۆیە رێگریان لێ دەكەم، تەنانەت ئەگەر هەموویشمان لەبرسان بمرین.